ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژ، هەزاران کەس لە لایەنگرانی "موقتەدا سەدر"، ڕێبەری بزووتنەوەی سەدرییەکان، لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا و لە ناوچەی سەوزی "بەغدا" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
خۆپیشاندەران بەم کۆبوونەوەیە جارێکی دیکە جەختیان کردەوە کە دەبێ گوێ بە داواکارییەکانی "موقتەدا سەدر" بدرێ و هێز لە دژی نەیارانی ئەم گرووپە نیشان بدەن.
هاوکات "محەممەد ئەلحەلبوسی" سەرۆکی پارلمانی "عێراق" پشتیوانیی خۆی لەهەمبەر هەڵبژاردنە پارلمانی و ناوچەییەکان دەربڕیوە و وتووشیەتی کە دەبێ لە کاتێکی دیاریکراودا و لەسەر ڕێککەوتنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا ئەو هەڵبژاردنە ڕابگەیێندرێت.
"ئەلحەلبوسی" لە لاپەڕەی توییتێری خۆیدا نووسیویەتی: "ناتوانین هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئیرادەی خەڵک کە داوای "موقتەدا سەدر"ـە لەبەرچاو نەگرین".
لەلایەکی دیکەوە "ساڵح محەممەد ئەلعێراقی" یەکێک لە ڕاوێژکاران و ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی سەدرییەکانیش داوای کردووە کە پارلمانی عێراق هەڵبوەشێتەوە و سەرلەنوێ هەڵبژاردن بکرێ و حکوومەتی نوێ پێک بهێنن.
"سەدر" ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا داوای کرد کە پارلمان هەڵوەشێننەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیێنن.
هەروەها وتووشییەتی کە لە ئێستادا وڵاتی "عێراق" لە بارودۆخێکی زۆر نالەبار و ئاڵۆزی سیاسییدایە و بە پێویستی نازانم لەگەڵ دژبەران بدوێم چونکە هیچ سوودێک لە وتووێژدا نابینم.