کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا و ئامریکا سەرکوتی بەهاییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد

12:44 - 15 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژ، وەزارەتی دەرەوەی "بریتانیا" لە بەیانییەیەکدا ئازار و ئەشکەنجەی بەرچاو و بەردەوامی بەهاییەکانیان لە ئێران و بە دەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم کرد.

لەو بیانییەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران خانووبەرەی بەهاییەکان لە "مازندەران" دەڕووخێنێ و مڵک و زەوییەکانیان داگیر دەکات.

بەپێی ئەو بەیانییەیە "لۆرد تارق ئەحمەد" جێگری وەزیری دەرەوەی "بریتانیا" لە بواری کاروباری باشووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئازار و ئەشکەنجەی کەمینە نەتەوەییەکانی لە ئێران بە پیشێلکردنی مافی مرۆڤ زانیوە و وتوویەتی کە وەها هەڵسوکەوتێک لە ساڵی ٢٠٢٢دا قبووڵکراو نییە.

"تارق ئەحمەد" بە هاوکاریی هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکانی "بریتانیا" هەوڵ دەدات کە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە پیشێلکردنی مافە مرۆییەکان، وڵامدەر بکات.  

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گەلاوێژ"ئێریک یولند" ئەندامی کۆمیسیونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی بەردەوامی کەمینە ئایینییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێران، ئازار و ئەشکەنجەی بەهاییەکانی لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە بە بێبەزەییانە وەسف کردووە و داوای کردووە کە خێرا ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە ڕابگیرێت.