کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی خێرای سزای ئێعدام و بڕینی ئەندامانی لەش

13:16 - 15 گەلاوێژ 2722

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییە جیهانییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی ئێعدام و بڕینەوەی ئەندامی جەستە لە ئێران، کاناڵی ''ئێران ئینتێرنەشناڵ'' باس لەوە دەکات، بەڵگەیەکی بەدەست گەیشتووە کە پیشان دەدات دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە نامەیەکدا بۆ دادگوستەرییەکانی سەرتاسەری ئێران، فەرمانی داوە بۆ دیاریکردنی چارەنووس و بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام و بڕینی ئەندامانی لەشی ئەو کەسانەی کە حوکم دراون، بە زووترین کات هەنگاو هەڵبگرن.

''محەممەد مۆسەدق'' جێگری یەکەمی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی گشتیی دادگوستەرییەکان داوای لێ کردوون کە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی حوکمەکانی ئێعدام، قەساس و بڕینی ئەندامی جەستە لە ماوەی دوو حەوتوودا کۆمیتەی تایبەت پێکبێنن.

لەم نامەیەدا داوا لە دادگوستەرییەکان کراوە پێداچوونەوە بە حوکمەکانی بڕینی جەستە بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی بکەن و لە ئەگەری دابینبوونی مەرجە یاساییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو حوکمانە، لە ماوەی یەک مانگدا ڕاپۆرتی کاری خۆیان بە جێگری یەکەمی ئەم دەزگایە بدەنەوە.

بەردەوامیی ئەو حوکمە دژەمرۆییانەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و دەیان ڕێکخراوی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ، بۆ چەندین جار هۆشدارییان داوە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە لە بەرامبەر ئەو جنایەتانەی ڕێژیمی ئێران بێدەنگ نەبن.