کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان ساراڵ: ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی دیواندەرە، جگە لە تاڵانکردنی کانزاکان، ژینگە و شوێنی ژیان و کاسبیی خەڵکیشیان تێک داوە

13:47 - 15 گەلاوێژ 2722

وتووێژ: بێهزاد قادری

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران بە ھاوکاریی دەستوپەیوەندییەکانیان لە کوردستان کە زۆرینەیان سەر بە سپای پاسدارانن، بە بیانووگەلی جۆراوجۆر، سەرقاڵی دزین و دەرھێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستانن. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەم کارە دەکات و پشکی کورد تەنیا لەنێوچوونی ژینگەکەی، بێکاری، هەژاری و کۆچ بووە.

یەکێک لەو ناوچانەی کوردستان کە خاوەن کانزایەکی زۆر و دەوڵەمەندە، دیواندەرەیە لە پارێزگای سنە. لەم وتووێژەدا لەگەڵ چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی دیواندەرە کە لە نێوخۆیە، بە ناوی خوازراوی "ڕاسان ساراڵ"، دەپەرژێینە سەر ئەم بابەتە:

- ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام سەرقاڵی تۆمارکردنی کانزا لە پارێزگاکانی کوردستان بووە. لەم نێوانەدا چەندین کانزای لە شارستانی دیواندەرە و لە داوێنەکان "چل چەمە" تۆمار کردووە. دوایین زانیارییەکان لەمبارەوە باس لە چی دەکات؟ چ کەس و لایەنگەلێک لەو کارانەدا دەستیان هەیە؟

دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە تۆمارکردنی کانزاکان ئەوەیە کە ڕێژیم موتالعاتی تا قووڵایی ٤٥٠ میتری لە ناوچەی دیواندەرە دەست پێ کردووە و باس لەوە دەکرێت کە دەیەوێت "زەوب ئاهەنی ئیسفەهان" (ذوب آهن اصفهان) یان "فولاد" بهێنێتە ناوچەکە، چونکە دیواندەرە یەکێک لەو شارانەیە کە زیاترین کانزای تێدایە .

لەم بابەتەدا سەرۆکی ئیدارەی "سەرچاوە سروشتییەکان" (منابع طبیعی) و جیهادی کیشاوەرزی (جهاد کشاورزی) و ئیتلاعات و دادستانی شار و سپای پاسداران، کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە زۆرتریشیان پاسدارن کە ئەو کانزایانەیان تۆمار کردووە. هەروەها هەندێک خەڵکی هەلپەرست لە گوندەکان کە شارەزاییان لە خەڵکەکە و کەژ و کێوەکان و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خەڵک هەیە، بۆ چەواشەکاری لە یەکگرتوویی و بەرنگاربوونەوەی خەڵکی ناوچەکە، بوونەتە کەواسووری بەر لەشکەری داگیرکەران.

- ڕێژیمی ئێران بۆ تۆمارکردنی کانزا، لە چ شێوەگەلێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانەی کە موڵکی خەڵکن، کەڵکی وەرگرتووە؟

یەکێک لەو ڕێگایانە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک ئەوەیە کە بە درۆ پێیان دەوترێت: "ئاواییەکەتان ئاوەدان دەکەینەوە و جادەی قیرتاو و مزگەوت و قوتابخانەتان بۆ دروست دەکەین"؛ بەڵام ڕێژیم خەڵکی ناوچەکە لەسەر خاک و ماڵی خۆیان دەکا بە کرێکار و نیگابان). هەروەها خەڵکی گوندەکان دەکەنە دوو بەش و وەها گورزی خویان لە خەڵک وەشاندووە. لە حاڵێکدا ئەو خزمەتگوزارییانە ئەرکی حکوومەتە و لەسەر حیسابی کانزاکان نییە. هەروەها کەسانێک کە سیخوڕی ڕێژیمن دەیانکەن بە سیخۆڕی مەعدەندارەکان کە چەند ئامانج دەپێکن: سیخوڕەکان ڕاپۆرتی ناڕەزایەتیی خەڵک بە مەعدەندار و سپا و ئیتلاعات دەدەن. ئەگەر کانزا لەنێو لەوەڕگەکان بێت ئیدارەی "سەرچاوە سروشتییەکان" کارئاسانییان بۆ دەکەن و سپایش بەر خەڵک دەگرێت و ئەگەر کانزا لەنێو زەوی و زاری خەڵک بێت و خاوەن زەوییەکە ناڕازی بێت ئەوە لە جیهاد کیشاوەرزی پێیان دەڵێن: "ئەم زەوییە ساڵی ٤٢ لەوەڕگە بووە"، ئەگەر بە پارە ڕازی بوو ئەوە باشە ئەگەر نەبوون ئەوە بە نرخی ناوچە پارەی پێ دەدەن و دەبنە خاوەن زەوی.

- زیانە ژینگەییەکانی تۆمارکردنی ئەو کانزایانە کە وەک خۆتان هەستتان پێ کردبێت، چین؟

ناوچەی دیواندەرە و ساراڵ و چلچەمە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی گۆشتن لە ئێران؛ جگە لە گۆشت، شیر و گەنم و هەنگوینیش بەرهەم دێنن. ئەم درهێنەرانی کانزاگەلە لەوەڕگەی ئاژەڵەکان و شوێنی هەنگەکان تێک دەدەن و ڕاستەوخۆ لەسەر ئابووریی خەڵک و ناوچە کاریگەریی دەبێت و تەپوتۆزەکانی کارکردن لە بەهاران لەسەر گیا و دار و گەنم کاریگەرە و ژێرخانی سروشتی ناوچەکە تێک دەدات و دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی لەنێوچونی ژینگە و خاک کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەستانی لافاوەکانە.

- تۆمارکردنی ئەم کانزایانە و بەتاڵانبردنی ئەم سامانانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە بواری ئابوورییەوە چ زیانێکی بە کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچەیە گەیاندووە؟

یەکێک لە زیانەکانی ئەوەیە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە سەرمایە و پارەیەکی زۆریان بۆ ئاوەدانیی ماڵ و شوێنی ئاژەڵداری و زەوی و زار تەرخان کردووە کە بتوانن خۆیان و لە داهاتوو منداڵەکانیان ئاوارە نەبن، بەڵام بە تێکدانی ژێرخانی ئابووریی ئەو ناوچەیە، یەکەمجار خەڵکی دێهات و دوای ئەو خەڵکی شارەکان کە بازاڕیان بە داهاتی ئەو خەڵکە دەچەرخێت دەکەوێتە مەترسییەوە. دەرەنجامی ئەوەش کۆچە بەرەو پەراوێزی شارەکان و تێکدانی بافتی شاری بەهۆی هەژاری و دروستکردنی ماڵی فەقیرانەی بێ مۆڵەت کە خزمەتگوزاریی شارەکانیش تووشی گرفت دەکات. بۆ نموونە بەهۆی کەم بوون و لەنێوچونی لەوەڕگە خەڵک خەریکن واز لە ئاژەڵداری و هەنگداری دێنن کە دەبێتە هۆی بێکاربوونی باشترین هێزی کار و ئابووری ناوچەکە.

- ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریەتیی خۆیدا بەردەوام کانزا، سامانە سروشتی و ژێرزەوینییەکانی کوردستانی بەتاڵان بردووە. لەم نێوانەدا پشکی کورد و کوردستان چۆناوچۆنە؟

پشکی کورد تەنیا لەنێوچوونی ژینگە و ئابووریی خەڵک، بێکاری، هەژاری و کۆچە.

- خەڵکی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاڵانکارییانە دەبێ چی بکەن؟ بۆ نموونە ئێستا خەڵکی دیواندەرە دەبێ چی بکەن؟

وەک دەزانین ڕێژیمی ئێران هیچ کات لە وتە و کردەوەی خۆی بەرانبەر بە خەڵک پاشەکشەی نەکردووە و خۆپیشاندان و چالاکیی مەدەنی وڵامێکی نەبووە بۆ خەڵک و نەرمینواندنی خەڵک لەگەڵ ڕێژیمێکی دیکتاتۆر ئاکامێکی نەبووە. بە ڕای من دەبێ هاوکاریکردنی خەڵک لەگەڵ مەعدەنکارەکان جۆرێک لە خەیانەت پێناسە بکرێت، هەروەها دەبێ ژیانی ئەو مەعدەنکارانە لەنێو خاکی کوردستان بخرێتە مەترسییەوە تاکوو نەوێرن بۆ بۆ تاڵانکردن بێنە کوردستان. تەنیا شتێک کە دیتوومە کە وڵامی هەبێت، توندوتیژی بەرامبەریان بووە.