کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە بەکارهێنانی دڕۆنەکانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراین دەست پێ کردووە

19:15 - 15 گەلاوێژ 2722

دامەزراوەی شیکاریی شەڕ "ISW" کە لە واشنتۆن جێگیرە، لە زاری  بەرپرسانی ئۆکراین بڵاوی کردووەتەوە، ڕووسیە بەکارهێنانی دڕۆنەکانی دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراین دەست پێ کردووە.

''ئەلێکسی ئارستویچ''، ڕاوێژکاری نووسینگەی سەرکۆماریی ئۆکراین ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران ٤٦ دڕۆنی ڕادەستی ڕووسیە کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە لانیکەم بەشێک لەو دڕۆنانە کە ڕێژیمی ئێران ڕادەستی ''ڕووسیە"ی کردوون، نەوەی کۆنتری دڕۆنەکانی نیزامی بەناوی ''شاهید ١٢٩''ن کە ڕەنگە هێزەکانی ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر سیستمە مووشەکییەکانی ''هایمارس'' لە ئۆکراین بەکاری بێنن.

ئامریکا لەم دواییانەدا سیستەمی مووشەکی ''هایمارسـ''ـی ڕادەستی ئۆکراین کردووە کە ڕۆڵی گرینگی لە بەهێزکردنی بەرگری ئەرتشی ئۆکراین بۆ کردنە ئامنجی فڕۆکەکانی ڕووسیەی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆست'' ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گەلاوێژ لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕۆژاوا نووسیویەتی، ڕووسیە لە هەوڵی ئەوە دایە لە ماهوارەی ڕێژیمی ئێران بە ناوی ''خەیام'' بۆ ئامانجە نیزامییەکانی خۆی لە ئۆکراین کەڵک وەرگرێت.

ماهوارەی خەیام بڕیارە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژ لە پایەگای فەزایی ''بایکۆنۆر'' لە وڵاتی قزاقستان لەلایەن ڕووسیەوە بنێردرێتە ئاسمان.

ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆست'' لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕۆژاوا نووسیویەتی کە ئەم ماهوارە توانایی ئێران بۆ سیخوڕیکردن و ئامانجە نیزامییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆر زیاد دەکات، بەڵام مۆسکۆ بە نیازە سەرەتا ئەم ماهوارە بۆ یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکان لە ئۆکراین بەکار بهێنێت.