کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتووانی گوندی "خانەگێـ"ـی مەهاباد لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان بێبەشن

12:02 - 16 گەلاوێژ 2722

خەڵکی گوندی "خانەگێـ"ـی مەهاباد سەبارەت بە نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان ناڕازین و داوای پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو گوندە دەکەن کە نزیک لە شاری مەهابادە.

خراپیی دۆخی ڕێگاوبانی کۆڵانەکان، دەرنەکردنی ئاوەڕۆی ماڵەکان، نەبوونی یاریگا بۆ وەرزش و پارک بۆ منداڵان، نەبوونی کتێبخانەی گشتی، بۆنی ناخۆشی قاناوەکان و نەبوونی تاکسی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان، بوونی پاشماوە و زبڵی زۆر و کۆنەکردنەوەی لەلایەن شارەدارییەوە لەو کێشانەن کە دانیشتووانی ئەو گوندە پێوەیان دەناڵێنن.

خەڵکی گوندەکە دەڵێن دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانە بۆ گوندێک کە هەزار و  ٨٠٠ ماڵی هەیە، ئەوەندە ئەستەم وگران نییە کە بە چەندین ساڵ بۆیان جێبەجێ نەبووە.

ئەوان دەڵێن دەوڵەت، ئەو گوندەی بەناو کردووەتە شار بەڵام نە شارە و نە حیسابی گوندیشی بۆ دەکرێت.

خەڵکی ئەو گوندە تا ئێستا چەندین جار کێشەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار ڕاگەیاندووە بەڵام تەنیا ئەوڕۆ ئەوڕۆیان پێ کراوە و بەڵێنی بەرپرسان تا ئێستا بە هیچ کوێ نەگەیشتووە.