کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی گرژییەکان لە غەزە/ لانیکەم ٢٤ کەس کوژراون

13:36 - 16 گەلاوێژ 2722

گرووپی جیهادی ئیسلامی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، لە دەرێژەی دەرگیرییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ٤٠٠ ڕاکێتی بۆ خاکی ئیسرائیل هاویشتووە کە بەم هۆیەوە لە کەنارەکانی غەزە ٢٤ کەس کە ٦ کەسیان منداڵن گیانیان لە دەست داوە.

تەقینەوەکە لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی ''جەبالیا'' لە باکووری کەنارەکانی غەزە بووە و بەشێک لە کوژراوەکانیش خەڵکی مەدەنین کە لانیکەم ٤ کەسیان منداڵیان تێدا بووە.

گرووپی حەماس کۆنترۆڵی ئەو کەمپەی لەبەر دەستدا بووە و ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری ئەو تەقینەوەیە زانیوە، بەڵام ئەرتشی ئیسرائیل ئەو ئیدعایەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت کەوتنەخوارەوەی ڕاکێتەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامی بووەتە هۆی ئەو تەقینەوەیە.

ئەرتشی ئیسرائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ''خالید مەنسوور'' یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی جیهادی ئیسلامی لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لە کەنارەکانی غەزە کوژراوە و هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە ئۆپراسیۆنی خۆیدا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەموو ڕێبەرانی باڵای جیهادی ئیسلامی لە غەزەی کوشتووە.

هاوکات میدیاکانی فەلەستین کوژرانی فەرماندەی یەکەی مووشەکیی گوردانی قودس، لقی نیزامیی جیهادی ئیسلامییان پشتڕاست کردووەتەوە و هەروەها باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی ئیسرائیل ''نەسر عمور'' یەکێک لە فەرماندەکانی باڵای جیهادی ئیسلامییان لە شاری عەنزا دەسبەسەر کردووە.

ئەرتشی ئیسرائیل وتوویەتی کە جیهادی ئیسلامی ئەنبارەکانی چەکوچۆڵی خۆی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی شاردووەتەوە و لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ ئەو ئەنبارانە ژمارەیەکی زۆری بیناکانی زیانیان پێ گەیشتووە.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا سەڕەرای پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی، داوای لە لایەنەکان کرد کە لە چڕبوونەوەی دەرگیرییەکان خوێان ببوێرن.

''باب مەنندێز'' سێناتۆری دێموکرات وتوویەتی کە ئیسرائیل بەتەواوی مافی ئەوەی هەیە لە بەرانبەر تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، یەک لەوان جیهادی ئیسلامی کە پێداگری دەکەن ئیسرائیل لەنێو بەرن، بەرگری لە خۆی بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسییەش لە کاردانەوە بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و جیهادی ئیسلامی داوای لە دوو لایەن کردووە خۆیان لەو گرژییانە بپارێزن.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان، شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە نیۆیۆرک لەسەر ئەو بابەتە دانیشتن پێک بێنێت.