کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم نەخۆشخانەی مەهابادی کردووەتە شوێنی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر

13:40 - 16 گەلاوێژ 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە کوردستان میدیا گەیشتووە، نەخۆشخانەی شاری "مەهاباد" بەهۆی کێشەی دارایی و نەبوونی بەرپرسانی شیاو تووشی گیروگرفت بووە بەشێوەیەک کە خەڵکی ئەو شارە پێی زیانمەند بوون.

بەپێی زانیارییەکان سەرەکیترین دەرمانی بێهۆشی لەو نەخۆشخانەیە دەست ناکەوێ و لەو بارەوە کێشەیەکی یەکجار زۆر بۆ خەڵک دروست بووە کە دەبێ خۆیان بچنە شاری "ورمێ" و لە بازاڕی ئازاد و بە نزخێکی زۆر دەرمانی پیویست دابین بکەن.

سێرۆمی خۆراکیی ٦ ڕۆژەش لە "مەهاباد" دەست ناکەوێ و بۆ دابینکردنی ئەو دەرمانەش بە ناچار ڕوو لە شارەکانی "ورمێ و تەورێز" دەکەن و لەگەڵ ئەوەش تەختی نەخۆشەکان زۆربەیان شکاون و ئیمکاناتیان نییە و هیچ بەرپرسێک لەو پەیوەندییەدا وڵامدەر نییە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بووفەی نەخۆشخانەی "مەهاباد" یان دووکانی نێو نەخۆشخانەکە بە موزایدە دراوەتە کەسانی غەیرە کورد و تا ئێستا چەندین جار سکاڵایان لێ کراوە کە لە نێو ئەو دووکانە خواردنەوەی ئەلکۆلی و ماددەی هۆشبەر بە ئازادانە دەفرۆشن کە چەند جار پێیان داخستوون و دوای چەند کاتژمێر سەر لەنوێ دووکانەکەیان کردووەتەوە.