کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد

18:32 - 16 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە "مەلەک فەرامەرزی" دایکی شەهید "هەمزە نادری" ناسراو بە "هەمزە ئیفتخاری" لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

دایە "مەلەک" لەو دایکە دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەخۆشەویستانە بوو کە هەمیشە شانازیی بەوەوە دەکرد کە لە سەردەمی خەباتی سەخت و خوێناوی پێشمەرگەدا یارمەتیی پێشمەرگەی داوە و نان و خوانی بۆ ئامادە کردوون و زۆر خزمەتی دیکەی بە پێشمەرگە کردووە.

ناوبراو تەنانەت لە سەفەری بۆ حەج و زیارەتی ماڵی خوداش هەر دوعای بۆ سەرکەوتنی حیزب و ڕزگاریی کوردستان و وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکان کردووە.

ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٤ کە تێکهەڵچوونێک لە نێوان پۆلێک لە کادرەکانی حیزب و هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم کە لە ناوچەی ئاڵەشین و لە گوندی "کەرێزان" دێتە ئاراوە و سێ پێشمەرگەی قارەمان لەوانە "سمایل ڕەزایی"، "عەبدوڵڵا دووژنە" و "سەید عیزەددین حوسێنی" شەهید دەبن و تەرمە پیرۆزەکانیان دەکەوێتە دەستی دوژمن و هێزەکانی ڕێژیم بێ حورمەتی بە تەرمی شەهیدەکان دەکەن، دایە مەلەک وێڕای ژنانی گوند و حاجی قادری خەزووری، شەهیدەکان لە دەستی هێزەکانی ڕێژیم دەردێنن و ناهێڵن بێ حورمەتی بە تەرمی شەهیدەکان بکرێت و دواتر بە حورمەتەوە تەرمی شەهیدەکان بە خاکی کوردستان دەسپێرن.

شەهید "هەمزە ئیفتخاری" ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە گوندی "کەرێزانـ"ـی سەر بە شاری بۆکان لەدایک بووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، شەهید هەمزە کە لاوێکی خوێنگەرم و بەهەست بوو، ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکرات و دەنێردرێتە یەکیەتیی لاوان و دوای ماوەیەک بەهۆی کەمیی تەمەنەوە دەنێردرێتەوە باوەشی بنەماڵەکەی.

شەهید "هەمزە" دوای ئەو تێکهەڵچوونەی کە ساڵی ١٣٦٤ لە نێوان پۆلێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر ڕووی دا  و چەندین کادری بەوەجی حیزب شەهید بوون، هاتەوە نێو ڕیزەکانی حیزب  و لە هێزی ١١٠ی بەیان سازمان درا.

ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و قارەمان بووە و لە چەندین شەڕی قارەمانانە لە ناوچەی بۆکان بەشداریی کردووە. بەداخەوە شەهید هەمزە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٥ لە تێکهەڵچوونێکی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە گوندی "حاجی ئاباد" شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

تەرمی دایە "مەلەک" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە مەلەک و خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خۆیان دەزانێت.