کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئیسرائیل" فەرماندەیەکی باڵای جیهادی ئیسلامی لە فلستین کوشتووە

18:35 - 16 گەلاوێژ 2722

"ئیسرائیل" فەرماندەیەکی باڵای جیهادی ئیسلامی لە فلستین کوشتووە

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ، بەهۆی هێرشی مووشەکیی "ئیسرائیل" تەرمی ٨ کوژراوی "فلستینـ"ـی لەوانە "خالید مەنسوور" ناسراو بە "ئەبوو ڕاغب" فەرماندەی ناوچەی باشووری "سەریا ئەلقودس" سەر بە لقی نیزامیی جیهادی ئیسلامی لەژێر خانووە هەڵتەکاوەکاندا  هێنرایە دەرەوە.

وەزارەتی تەندروستیی "فلستین" ڕێژەی کوژراوانی ئەو هێرشە مووشەکییەی بۆ ٣٢ کەس و ٢١٥ بریندار گەڕاندووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "فلستین ئەلیۆم" بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و لقی نیزامیی "سەریا ئەلقودس" لە بەیانییەیەکدا کوژرانی "خالید مەنسوور" و دوو کەسی دیکەی ئەو گرووپەیان بە ناوەکانی "زیاد ئەحمەد ئەلمدلل" کوڕی یەکێک لە بەرپرسانی باڵای سیاسیی جیهادی ئیسلامی و "ڕەفئەت شێخ ئەلعەید" پشتڕاست کردووەتەوە.

"خالید مەنسوور" لەلایەن "ئیسرائیلـ"ـەوە بە تاوانی دارشتنی بەرنامە و چاوەدێری بەسەر ژمارەیەک عەمەلیاتی نیزامی لە "کەرتی غەزە" مەحکووم کرابوو و بە مەترسیترین کەس ناو دەبردرا کە لەژێر چاوەدێریی چڕدا بووە

هەروەها "مەنسوور" ڕۆڵێکی گرینگی لە پەرەپێدان و گەشەی ژێرخانە نیزامییەکانی "سەریا ئەلقودس" بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی مووشەکدا هەبووە.