کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووسەوی تەبریزی لە وتووێژێکدا خۆی لە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بێبەری دەکات

18:53 - 10 گەلاوێژ 2722

''حوسێن مووسەوی تەبریزی''، دادستانی گشتیی پێشووی ئینقلاب و بەرپرسی پێشووی دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی تەورێز و ورمێ ڕایگەیاندووە کە لە کاتی ئێعدامی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ئێران لە ساڵی ١٣٦٧دا، هیچ بەپرسیارەتییەکی لە دەزگای دادوەریدا نەبووە و لەو ئێعدامانەدا ''محەممەد ڕەیشەهری'' وەزیری ئەو کاتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

مووسەوی تەبریزی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئینساف نیووز" وتوویەتی، ڕەیشەهری ئەو کەسە بووە کە لە نامەنگاری لەگەڵ خومەینی ئیزنی وەرگرتووە ئەو کەسانەی کە لە زینداندان و تۆبەیان نەکردووە دووبارە دادگایی بکرێنەوە و ئەگەر تۆبەیان نەکرد ئێعدام بکرێن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە "بۆچی ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ هیچکات لیکۆڵینەوەیان لێ نەکرا و تا ئێستا ڕێگا بە بنەماڵەی قوربانییەکان نەدراوە سکاڵا تۆمار بکەن، مووسەوی تەبریزی وتی: هەڵبەت  ئەگەر دواتر مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە بکرێت، پێویستە هەلومەرجی ئەوکات لەبەرچاو بگیرێت.

''مووسەوی تەبریزی'' لە حاڵێکدا بەنیسبەت جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران خۆی بێبەری دەکات کە ناوبراو لە وتووێژێکدا کە ئەوکات دادستانی گشتیی ڕێژیم بوو لەبارەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی وتبووی: ''بریندارەکان دەبێ بریندارتر بکرێن و دیلەکان دەبێ بکوژرێن''.

ئێعدامە سەرەڕۆیانەکان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوییەوە بە فەرمانی خومەینی و بە پێکهێنانی هەیئەتێک لە ژێر ناوی هەیئەتی مەرگ هەزاران زیندانیی سیاسی ئێعدام کران کە تاکوو ئێستا درێژەی هەیە.