کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕەوشتانی ئیماندار، کێشەی ئەویتر و شارۆمەندانی بەهایی!

22:56 - 17 گەلاوێژ 2722

سندووس

لەو کاتەوە کۆماری ئاخوندی وەکوو دژەمرۆڤترین سیستمی سیاسی لە چوارچێوەی تێزی ویلایەتی فەقیهدا لەدایک بووە، بەگشتی لایەنگرانی بۆ لادان، سەرپێچی و گڵاوبینی واتە ئەبجێکشن (Abjection) بۆ گشت ئەو بابەتانە و دیاردانەی دەکەونە ژێر چەمکی "ئەویتر"ەوە هان داوە. گڵاوبینی چەمکێکی کریستیڤاییە کە لای وایە تەواوی ئەو شتانەی ئارامیی سۆبژێکتێڤیتە واتە پێوەندی نێوان لەش و زمان دەشێوێنن دەبێ دوور بخرێنەوە، ئەویتر لەدایکبووی ئەم دۆخەیە لە ژیانی مرۆڤەکاندا و بە خاڵی هاوێرکردنی خودی و ناخودیش دێتە ئەژمار. گڵاوبینی بابەتێکی دەروونییە کە بۆ دەرەوەی مرۆڤە و دیاردەکان پەلهاوێژی دەکات و لە ئاستی کۆمەڵگادا لە ڕێگەی مەزهەب، کلتووری هەڵە و خۆبەپیرۆززانینەوە، ئەوانیتر بە گڵاو دەبینێ. گڵاوبینی کە دەرهایشتەکەی "ئەویتر"ە، لە سیستمی کۆماری ئاخوندیدا بە تەواوی ئایدیۆلۆژیک کراوە و هەرکەس، دەستە، تاقم، مەزهەب، نەتەوە و حیزبێک، گەر هەڵسوکەوتەکانی بەپێی ئایدیۆلۆژییە وەهمییەکەی ئەوان ڕێکنەخات وەکوو ئەویتر چاوی لێ‌دەکرێ. لەم نێوەدا و بەپێی ڕوانگەی کاربەدەستانی کۆماری ئاخوندی هێندێک لە مەزهەبەکان زیاتر بەلای ئەویتردا دەشکێنەوە و جەستەی مەلاکانی تاران بە هەموو شێوەکان دەیهەوێ لەخۆیان دوورکاتەوە. یەکێک لەو مەزهەبانە، مەزهەبی "بەهایی"یە کە بە بێڕەحمانەترین شێوە هەوڵی تواندنەوە، دەرپەڕاندن و ئازاریان بۆ گرتوونەتە بەر.

خامنەیی وەکوو قۆچکی دەسەڵاتی نیزامی ئاخوندی لەسەر "بەهایی"یەکان، تەنانەت فتوای شەرعی دەرکردووە و لە وڵامی پرسیارگەلێکدا دەڵێ: "تەواوی پەیڕەوانی گرووپی سەرلێشێواوی "بەهایی"، گڵاون و لە ئەگەری دەست لێدانی ئەوان لە شتێک، لەبەرچاوگرتنی خۆخاوێنکردنەوە واجبێکی شەرعییە!" هەروەها تەواوی ئیمانداران - دیارە مەبەستی مەزهەبەکەی خۆیەتی - دەبێ لەگەڵ فێڵ، تەڵەکە و گەندەڵی گرووپی بەهایی بەربەرەکانی بکەن، ئەوان گڵاو و نەیاری دین و ئیمانی ئێوەن و دەبێ خۆیان لێ‌بپارێزن! تەنانەت خامنەیی بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ شارۆمەندانی بەهایی حوکمی داوە کە: "لە ئەگەری کاری چاک و ڕەوشتی بەرزیاندا دەبێ خراپەیان لەگەڵ بکرێتەوە." جگە لە خامنەیی، ئاخوند خومەینی، سوبحانی، فازڵ لەنکەرانی، مەکارم شیرازی و بێهجەت، فتوایان لەسەر بەهاییەکان هەر بەم شێوەیەیە.

لەسەر بناخەی فتوای شێتانەی کاربەدەستە باڵاکانی کۆماری ئاخوندی، هەر لە سەرەتای دزینی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە وێڕای دژایەتیکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانە، بە جیددی بەگژ شارۆمەندانی بەهاییدا چوونەتەوە و زیندانی کراون، ڕاوەدوونراون، مافی شارۆمەندییان لێوەرگیراوەتەوە و مڵک و ماڵیان لێ‌زەوت کراوە و هیچ پلە و پۆستێکی حکومەتییان نەدراوەتێ و تەنانەت بە ئاشکرا لە خوێندن بێبەش کراون.

بەڵام ماوەیەکە گوشار و زەختێکی زۆر لەلایەن ئاخوند و قوڵەچۆماغەکانیانەوە خراوەتە سەریان و لە مانگی موحەڕەمدا کە بە ڕواڵەت باوەڕێکی زۆریان پێی هەیە و سینگی بۆ دادەدڕن و قوڕپێوانی بۆ دەکەن، ساختومان و بینای نیشتەجێبوونیان لێ زەوت دەکەن و بەسەریاندا دەڕوخێنن، ئەو ڕەفتارەی ئاخوندەکان لە هیچ کوێی ئەم جیهانەدا نەبینراوە، ڕەفتارێکی ئەوەندە قێزەونانە و هێڵنجهێنە کە بەڕاستی ناخی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەهەژێنێ. لێرە دەردەکەوێ کە کۆماری ئاخوندی بەردەوام لە قەیرانخوڵقێنیدایە و تەنانەت ڕوحم بە هیچ شتێکی ئەویتر ناکات و تا بۆی بکرێ زەخت و گوشاری زیاتر دەخاتە سەریان.

شارۆمەندانی بەهایی لە ڕەفتاردا هەمیشە خۆیان بە لێپرسراو زانیوە، مەزهەبێکی پاکوخاوێنیان هەیە، باوەڕیان بە حیجابی زۆرەملێ نییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نابیندرێ، مرۆڤگەلی هەڵکەوتەی زۆریان هەیە. لە ماوەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە نگریسەشدا ئەوەندەیان گوشار بۆ لاوانی ئەم وڵاتە هێناوە کە پۆل‌پۆل ڕەگەڵیان دەکەون و دەبنە بەهایی، کۆماری ئاخوندی لە جێگەی ئەوەیکە خۆی ئیسلاح بکات، ڕەفتارە جوانەکانی ئەوانیتر دەسڕێتەوە. بە باوەڕی نووسەری ئەم کەتوارە هۆکاری سەرەکی دژایەتی ئاخوندەکان لەگەڵ ئەم مەزهەبە و ڕێڕەوەکانی هەر ئەمەیە و هیچی‌تر!

 پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆنە مرۆڤگەلێک کە تەنانەت بە قسە باوەڕی بەهێزیان بە بایەخە ڕەوشتییەکان هەیە و لە بەشە جیاجیاکانی ژیاندا دڵسۆز خۆیان نیشان دەدەن، ئاوا بێڕەحمانە دەست دەدەنە کردەی ناڕەوشت و بەشێکی ئەم جیهانە بە گشت بوونەوەرەکانییەوە بە خراپترین شێوە لە ئاگری شەڕ و قەڵاچۆدا دەکەنە سووتماک و قێزەونترین ڕەفتارەکان لە خۆیان نیشان دەدەن؟

"ئاڵبێرت بۆندۆڕا" دەڵێ: هیچکەس دەست ناداتە کردەوەی ناپەسەند، مەگەر ئەوەیکە پاساویان بۆ لایەنەکانی ناڕەوشتی کردەوەکەیان هەبێت. ناوبراو ناوی ئەم حاڵەتەی ناوە "ناکاراکردنی چاودێری دەروونی"، کە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خۆی نیشان دەدات:

١- پاساوی ڕەوشتی:

بەپێداگری لە سەر ئامانجی بەرز و زۆر پیرۆز، ڕەفتاری ناڕەوشتی جۆرێک پاساو دەکرێت، کە بکرێ پارێزگاریی لێ‌بکرێ و تەنانەت پەسەندیش بکرێت. مێشک شۆردنەوە لە نێو باوەڕمەندانی شیعە لە ژێر ناوی، ئێوە یاران و پشتیوانانی ئیمامی زەمانن و گەر ئیمام تەشریف بێنێ جیهان پڕ دەبێ لە دادپەروەری و گشتتان بێ چووکەترین لێپرسینەوە ڕەوانەی بەهەشت دەکرێن.

 ٢- جوان و شیرین نیشاندانی وشەگەل:

 کاتێک کردەوەیەکی ناڕەوشتی بە وشەی جوان دەڕازێندرێتەوە، وکوو: "نەتەوەیەک کە شەهادەتی پێ‌بەختەوەرییە، هەمیشە سەرکەوتوویە!"

لەم ڕستەیەدا دەردەکەوێت کە چ بکوژێ و چ بکوژرێ هەر سەرکەوتوو دەبێ! لەڕاستیدا بە جوانکردنی وشەگەل پڕوپاگەندە بۆ کوشتوبڕ و شەڕی ماڵوێرانکەر کراوە و باسی کوشتوبڕ بە وشەی جوان ڕازاوەتەوە.

٣- لە ڕێگەی خۆبەراوردکردن لەگەڵ ئەوانیتر:

لێرە مرۆڤ بە بەراوردی ڕەفتارەکانی خۆی لەگەڵ نموونەگەلێکی قێزەونتر کە لە لایەن کەسانی‌ترەوە ڕوویان داوە، لە عەزابی ویژدانی خۆی کەم دەکاتەوە. "بەڕادەیەک لەم وڵاتەدا دزی دەکرێ، کە دزییەکەی من لە بەرامبەر دزی ئەواندا بە هیچ دەقەبڵێندرێ."

٤- جێگۆڕکێ یان دابەشینی لێپرسراوێتی:

مرۆڤ لەم حاڵەتەدا لێپرسراوێتی کارەکانی دەخاتە ملی سەرچاوەیەکی دەرەکی یا لەنێو کۆمەڵێکی گەورەتردا دابەشی دەکات. لە قەڵاچۆی زیندانییانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا ئاخوند نەیێری، پوورمحەممەد و ڕەئیسی کە وەک تاوانباری سەرەکی ئەو جینایەتە دەهاتنە ئەژمار، دواتر ڕووهەڵماڵاوانە وتیان ئێمە فتوای ئیماممان جێبەجێ ‌کردووە و تەوانبار نین! هەروەها لەسەر فتوای خومەینی بۆ سەر کوردستان کە ئێستا هەموو ئەو کەسانەی کاربەڕێوەبەری ئەو جینایەتە بوون خۆیان دەدزنەوە و بە بیانووی فتواکەی خومەینی خۆیان لەژێر باری قورسی ئەم جینایەتە دەدزنەوە!

هەروەها زۆر جار بە بڕیاری نیزام و سەربزێوی کوردستانی لە قەڵەم دەدەن! سەربزێوی کوردستانیش دەگێڕنەوە بۆ دنەی هێزە بیانی و دەرەکییەکان.

٥- مرۆڤ‌سڕینەوە لە قوربانی:

لۆژیکی گشتی ئەم شێوەیە بەمجۆرەیە کە خۆیان بە سەرتر، پاقژتر و خاوەن بەهایەکی گەورەی مرۆڤایەتی بە نیسبەت ئەوانیتر دەبینن. هەر چەند بواری مرۆڤییەوە دۆخی قوربانی زیاتر بشێوێندرێ، زەبروەشاندن هاسانتر دەبێ. بۆ وێنە پەیڕەوانی ئایینزای بەهایی لە ڕوانگەی ئاخوندەکانەوە پیسن و دەبێ ئەو پیسییە لە سەر وڵات لاببردرێت!

٦- بەتاوانبارزانینی قوربانی:

لەم شێوەیەدا قوربانیی بە هۆکاری سەرەکی تاوان دەستنیشان دەکرێ، دەستدرێژکارێک کە پاساوی نەبوونی پەچە و ڕووبەندی قوربانی بە دنەی ئەم کارە دەزانێ، نموونەی بەرچاوی ئەم مکانیزمەیە.

ئەو شەش خاڵە بە تۆخترین شێوە لە ڕەفتارەکانی کۆماری ئاخوندی و بەکرێگیراوکانی لە سەر تەواوی ئەوانیتردا دەبیندرێ و لەڕاستیدا لە چوارچێوەی بۆچوونەکەی بۆندۆڕادا بۆ تەتەڵە و هەللاجی دەبن.