کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: ئێران ئابووری جیهانی کردووەتە بارمتەی گەرووی هۆرمۆز

14:02 - 7 خاکەلێوه 2726

ئیڤێت کوپێر، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە پاریس وتی کە ئێران بەهۆی گەرووی هۆرمۆزەوە هەڕەشە لە سەقامگیری جیهان دەکات.

کوپێر ڕایگەیاند کە تاران لە ڕێگەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز و پەکخستنی بازرگانیی نەوت، ئابووری جیهانی کردووەتە بارمتەی ململانێیەکان.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بەشدار بوو، کوپێر جەختی کردەوە کە دەبێت چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم ململانێیە بدۆزرێتەوە کە سەقامگیری ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێران بۆی نییە بەهۆی گەرووی هۆرمۆزەوە هەڕەشە لە سەقامگیری بازاڕی وزە و ئابووری جیهان بکات.

داخستنی ئەم گەرووە ستراتیژییە لەلایەن ئێرانەوە، نیگەرانییەکی گەورەی لەلایەن هێزە ئابوورییەکانی جیهان لێکەوتووەتەوە، چونکە بەشێکی زۆری وزەی جیهان لەم ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە.

لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەرپرسانی بەرگریی بریتانیا لەگەڵ فەڕانسە باسیان لەوە کردبوو کە بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیین.