کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکردنی زیاتر لە سەد کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی

16:25 - 7 خاکەلێوه 2726

ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەرکردنی ١٠٣ کەسی لە سەرەتای شەڕی ئێستاوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دوژمن" ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە، ئەم ناوەندە ڕایگەیاندووە کە ١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان مەبەستی "تێکدەرانە و نائارامکردنیان" هەبووە و ٩٠ کەسەکەی تر بەهۆی ناردنی وێنە بۆ میدیا دژبەرەکان دەستبەسەر کراون.

هەروەها هەواڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ١٦ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئینتێرنێتی ماهوارەیی ستارلینک و ٤٠٠ فرۆشیاری فیلتەرشکێن ڕاگەیەندرا.

هاوکات، هەواڵدەری تەسنیم ڕاپۆرتی دەستبەسەرکردنی ١٠ کەسی لە کاشان بە تۆمەتی "دروشمدان بۆ پشتگیری لە دوژمن" بڵاوکردەوە.

ئەم دەستبەسەرکردنانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سەدان هاووڵاتی بە تۆمەتی هاوشێوە بڵاوکراونەتەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە بەهۆی پچڕاندنی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی فراوانی پەیوەندییەکان، ژمارەی دەستبەسەرکراوان زۆر زیاترن لە ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم.