کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران داخستنی گەرووی هۆرمۆز و قەدەغەکردنی هاتووچۆی ڕاگەیاند

15:23 - 7 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچە، سپای تێرۆریستی پاسداران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، داخستنی گەرووی هۆرمۆز و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هاتووچۆیەکی دەریایی ڕاگەیاند.

لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە بڵاو کراوەتەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی سپا لە زاری هێزی دەریایی ئەو ناوەندەوە ڕایگەیاندووە: "هەر جۆرە هاتووچۆیەک لە گەرووی هۆرمۆزدا لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی توند بەرەوڕوو دەبێتەوە".

هەروەها تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە مەبەستی چوون بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل، یان هاتن لەو وڵاتانەوە، بە قەدەغە ڕاگەیەندراوە.

ئەو دامەزراوە تێرۆریستییە هەروەها ڕایگەیاند کە سێ کەشتی بارهەڵگر دوای وەرگرتنی هۆشداری ناچار بە گەڕانەوە کراون.

ئەو بەیاننامەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتێکدایە کە ئیڤێت کوپێر، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت وتی کە ڕێژیمی ئێران بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز، بازرگانی نەوت و ئابووری جیهانی کردووەتە بارمتەی ململانییەکان و سەقامگیری بازاری جیهانی تێکداوە.

چاودێران ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی بنەمای ئازادیی کەشتیوانی و بەشێک لە سیاستە ئاڵۆزیخوازەکانی کۆماری ئیسلامی دەزانن، کە دەکرێت لێکەوتەی ئابووری و ئاسایشی بەرفراوانی لێ بکەوێتەوە.