کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: لە هێرش بۆ سەر کەرتی "غەزە" ئامانجەکانی خۆمان پێکاوە

12:12 - 17 گەلاوێژ 2722

دوای سێ ڕۆژ شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی "جیهادی ئیسلامی" لە کەرتی "غەزە"، "یائیر لاپید" سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل ئامانجەکانی خۆی لەو هێرشانەدا پێکاوە.

"یائیر لاپید" لە سەردانی خۆی بۆ ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لە نزیکی کەرتی "غەزە" و دانیشتن لەگەڵ شارەدارانی شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیە وتوویەتی کە ئیسرائیل بە قۆناخی کۆتایی لە هێرشەکانی خۆی گەیشتووە.

ئیسرائیل بە نێوبژیوانیی دەوڵەتی "میسر" هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کەرتی "غەزە" لە کاتژمێری ٢٠ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە ڕاگرتووە.

ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن "یائیر لاپید" لەسەر داوای هەندێک ڕێکخراوی ئیسرائیلی لەوانە "شباک" و "ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بووە.

دوای هێرشی کوتوپڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی "غززە" لە ڕێکەوتی ١٤ـی گەلاوێژدا، "تیسێر ئەلجەعبەری" فەرماندەی باڵای لقی نیزامیی گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین کوژرا و دوای ئەوە ئیسرائیل داوای نێوبژیوانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کردبوو.

ئیسرائیل لەو هێرشەدا کە بە ناوی "کازیوە" ئەنجامی دابوو، ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی ئەوان گرووپی "جیهادی ئیسلامـیـ"ـیە.

سەرەڕای ئەوەیکە ئیسرائیل بە نێوبژیوانیی حکوومەتی میسر شەڕی ڕاگرتووە بەڵام تا ئێستا گرووپی جیهادی ئیسلامی و ڕێبەری ئەو گرووپە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و لە ڕێژیمی ئێران فەرمان وەردەگرێت، بڕیاریان لەسەر ڕاگرتنی شەڕ نەداوە.