کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"واڵستریت ژورناڵ": ئێران پێداگرە کە دۆسیەی دامەزراوە ناوکییە گوماناوییەکانی دابخرێن

12:51 - 17 گەلاوێژ 2722

ڕۆژنامەی ""واڵستریت ژورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە ڕێژیمی ئێران لە داواکەی کە دەرهێنانی سپا لە لیستەی تێرۆر بوو پاشگەز بووەتەوە و لە ئێستادا داوی ئەوە دەکات کە دۆسیەی دامەزراوە ناوکییەکان کە ئاژانسی ناوکی گومانی لێیان هەیە دابخرێن. 

ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە دانیشتنەکانی "ڤییەن" و نووسراوەی ڕێککەوتنی ئەو دانیشتنە گەیشتووەتە کۆتایی بەڵام لەوانەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ڕێککەوتننامەیە پەسند نەکات و بە ئاکام نەگەن.

هەروەها چەند دیپلۆماتکاری ئورووپایی بە "واڵستریت ژورناڵـ"ـیان ڕاگەیاندووە لەم خولەی دانوستانەدا "تاران" بە توندی پێداگری لەسەر داخستنی دۆسیەی سێ ساڵەی ئاژانسی ناوکی لە دامەزراوە گوماناوییەکاندا کردووە، بەڵام لەو بارەیەوە هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و لایەنی بەرامبەر ئەو داوایەی ڕەت کردووەتەوە.

نزیک سێ ساڵ پێش ئاژانسی ناوکیی نێونەتەوەیی وەزەی ناوکی ڕایگەیاندبوو سەرەداوی ئۆرانیۆم و کەرەستەی ناوکیان لە چەند شوێن لەوانە "تۆرقوزئاباد، وەڕامین و مەریوان" دۆزیوەتەوە کە پێشتر پێشانی ئاژانس نێدراون و لێیان شاردراوەتەوە.

لە هەمان کاتدا "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، پرسیارەکانی ئاژانسی سەبارەت بە چالاکییە ناوکییە گوماناوییەکانی سێ شوێنی ڕانەگەیەندراوی ئێرانی بە پرسێکی سیاسی و بەلارێداچوو ناو بردووە کە بە بڕوای خۆی دەبێ ئاژانس خۆی لەو بابەتانە دوور بخاتەوە.