کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە کۆنکووری ئەمساڵدا پلەی بەرزیان بەدەست هێناوە لە توێژی دەوڵەمەندن

13:17 - 17 گەلاوێژ 2722

تاقیکاریی کۆنکووری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکێک لەو تاقیکارییانە بوو کە قسە و باسی زۆری لەسەر بوو کە گەندەڵیی زۆری تێدا کراوە.

لە لایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئاکامی ئەو تاقیکارییە، دەریدەخات کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە پلەی باشیان لەو تاقیکارییە بەدەست ‌‌هێناوە، لە توێژی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگان.

بەرپرسێکی نووسینگەی شورای بەناو ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە ٣٣ لەسەدی دەرچووانی ڕشتەی بیرکاری، ١٤ لەسەدی ڕشتەی ئینسانی لە ناوچەکانی ١ تا ٦ تاران پێک هاتووە و ٨١ لەسەد لە دەهەکی ٨ تا ١٠ ی کۆمەڵگان.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئیران وتوویەتی ٥٦ لەسەدی دەرچووانی ڕشتەی پزیشکی و ٦٢ لەسەدی دەرچووانی کامپیوتێر لە دەهەکی ١٠ دان.

 ٢٥ لەسەدی کۆی دەرچووان لە ناوچەی ٩ی تارانن.

 ٣٧ لەسەدی دەرچووان لە قوتابخانە ئەستیرەدارەکانن و ٥٥ لەسەد لە دەچووانی ڕشتەکانی تکنیکی و موهەندیسی زانکۆی سەنعەتیی شەریف لە دەهەکی ١٠دان.

ئابووریناسان حەشیمەتی هەر کۆمەڵگایەک لە بواری داهات و خەرجەوە بە ١٠ پلە دابەش دەکەن و بە هەرکام لە پلەکان بە دەهەک ناو لێ دەبەن.

شورای هاوئاهەنگیی یەکییەتییەکانی سێنفیی فەرهەنگیان ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕ، لە کاناڵی تێلگرامیی خۆی سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی پرسیارەکانی تاقیکاریی کۆنکووری سەراسەری لە ئێران نووسیبووی: "بەپێی هەواڵەکان ئەمساڵیش گرووپێک وەکوو ساڵانی ڕابردوو پرسیارەکانی تاقیکارییان فرۆشتووە''.

ئەو شورایە باسی لەوە کردبوو ''بەپێی دەنگ و باسەکان ئەو پرسیارانە بە نرخی ٣٥٠ هەتا ٥٠٠ ملیۆن تمەن فرۆشراون و کڕیاران ٣٠ لەسەدی ئەو بڕە پارەیان پێش لە تاقیکارییەکە بە فرۆشیاران داوە".

شورای هاوئاهەنگیی یەکییەتییەکانی سینفیی فەرهەنگیان جەختی کردبووە: ''دەزگای نەخۆشی پەروەردەی ئێران لە حاڵێکدا لەسەر شێوەکانی ناکارامەی تاقیکردنەوەی خوازیاران و چوونیان بۆ زانکۆ پێداگری دەکات کە هەموو ساڵێک بە بەڕێوەچوونی تاقیکاریی کۆنکور زەربەیەکی گەورە لە قوتابییان دەدات''.

ساڵانە پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆنکوور، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی پێشوەختەی پرسیارەکانی ئەو تاقیکردنەوانە و فرۆشتنیان بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵە و دڵەڕاوکێی زۆربەی بەشداربووان.