کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش کارناسی ئێرانی و لوبنانی بەهۆی تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی نیزامیی حووسییەکان کوژران

18:29 - 17 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ، بەهۆی دوو تەقینەوە کە لە ئەمبارێکی مۆنتاژی مووشەک و چەکوچۆڵ لە پایەگای "ئەلحەفا"ی سەر بە حووسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی شاری "سەنعا" ڕووی داوە شەش کارناسی ئێرانی و لوبنانی و دەیان چەکداری حووسی کوژران.

بەر لەوە ڕاگەیەندنەکانی یەمەن باسیان لە ڕوودانی چەندین تەقینەوەی گەورە لە شاری سەنعا کردبوو.

هەواڵدەریی فەرمیی یەمەن، "هەواڵ" لە زمان سەرچاوەیەکی نیزامییەوە باسی لەوە کردووە کە ئەو تەقینەوانە بەهۆی هاویشتنی ناسەرکەوتووی مووشەکێک لە پایەگای "ئەلحەفا" هەڵکەوتوو لە باشووری شاری "سەنعا" لەلایەن حووسییەکانی سەر بە ئێران ڕوویداوە.

سەرچاوەیەکی دیکەش باسی لەوە کردووە کە دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە لە پایەگای "ئەلحەفا" کە بەهۆی هاویشتنی مووشەک ڕووداوە، بیستراوە.

حووسییەکان دوای تەقینەوەکە دەوروبەری بنکەکەیان بە تەواوی گرتووە.

هاویشتنی ئەو مووشەکە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممەی پێشوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جاری دووهەم ڕاگرتنی شەڕی لە یەمەن ڕاگەیاندبوو.

میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە کەڵکاوەژوو لە ڕاوەستانی شەڕ دەستیان کردووە بە مۆنتاژی مووشەک و فڕۆکەی هاوردە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و چەکوچۆڵێکی زۆریان بە مەبەستی شەڕ و ئاژاوەگێڕی ڕاگواستووە.