کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی "دیانا ڕۆستەمی"، لە کێبڕکێی جیهانیی "چۆرتکە"دا خەڵاتی یەکەمی بەدەست هێنا

11:14 - 11 خەرمانان 2722

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی بە بەشداریی زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە ٣٣ وڵاتی جیهان کێبڕکێی ژماردن لە ڕێگای مێشکەوە "چۆرتکە" لە وڵاتی مالزی بەڕێوە چوو.

لەو کێبڕکێیەدا کە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو، دیانا ڕۆستەمی، تەمەن ١١ ساڵ‌ و خەڵکی گوندی "هوویە" لە ژاوەرۆژ لە پارێزگای سنە، توانیی خەڵاتی یەکەم بەدەست بێنێ.

لە تێکنۆلۆژیی پەروەردەیی  UCMASدا، ژماردنی ماتماتیک بەکار دەهێنرێ بۆ گەشەپێدانی عەقڵ کە لە دەرەوەی زانستی بیرکارییە. لەم سیستمەدا کار لە هێزی تەرکیز، هێزی دەروون‌ و توانایی مێشک ‌و خێرایی لە ژماردن و جیاکردنەوەدا دەکرێ.

دیانا ڕۆستەمی، یەکێک لەو کەسانەیە کە لەم کێبڕکێیەدا توانیویەتی لە بەشی Visual Result - Category Hدا خەڵاتی یەکەم بەدەست بێنێ‌.

لە نێوخۆی ئێرانیشدا، دیانا توانیویەتی لەم بوارەدا سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بێنێ و لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ببێتە براوەی خەڵاتی یەکەم.

دیانا ڕۆستەمی وتوویەتی: "ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی شەونخونی و هەوڵی بێوچانیەتی".

ناوبراو بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنەیەوە، وێڕای دەستخۆشی‌ و پیرۆزبایی لە دایک ‌و باوکی، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان‌ بەگشتی ‌و خەڵکی ئاوایی هوویە بە تایبەتی دەکات.