کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشانگایەک لە کۆبەرهەمەکانی "یەڵماز گونای" لە ڕۆژی سینەمای کوردی و لە شاری سلێمانی کرایەوە

13:57 - 19 خەرمانان 2722

بەبۆنەی ڕۆژی سینەمای کوردی و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای"، سینەماکاری بەناوبانگی کورد، لە شاری "سلێمانیـ"ـی کوردستانی باشوور، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و بەتایبەت سینەماکارانی کورد، پێشانگایەک تایبەت بە کۆبەرهەمەکانی ناوبراو کرایەوە.

ڕۆژی هەینی ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی کاتژمێر ٥:٢٠ خولەکی سەرلەئێوارە لە شاری "سلێمانیـ"ـی کوردستانی باشوور بەبۆنەی ڕۆژی سینەمای کوردی و هاوکات لەگەڵ ٣٨ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای" نووسەر و سینەماکاری بەناوبانگی کورد و خەڵکی کوردستانی باکوور، کۆمپانیای "هاوار فیلم" بە سەرپەرەستیی "هاوار مستەفا خان" کە بەرپرسی کۆمپانیایە لە "ئەمنەسوورەکە"ی شاری سلێمانیـ"ـی کوردستانی باشوور بە بەشداریی کۆمەڵێک لە سینەماکاران، هونەرمەندان، ئەدیبان، نووسەران و کەسایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، پێشانگەیەکی تایبەت بە کۆبەرهەمەکانی "یەڵماز گونای" کردەوە و لەلایەن بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

سەرەتای کرانەوەی پێشانگەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت سینەماکارانی گیانبەختکردوو دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمدا کە بۆ کردنەوەی پێشانگا تەرخان کرابوو "شوان عەتۆف" دەرهێنەر و ئەکتەری سینەمای کوردی، چەند وتەیەکی لەسەر ڕۆژی سینەمای کوردی و "یەڵماز گونای" پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

ناوبراو سەرەتای قسەکانی بە سڵاو و ئەمەگداریی خۆی بۆ شەهیدان، گەریلا و پێشمەرگەی کوردستان دەست پێ کرد و لە نێوئاخنی باسەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی "یەڵماز گونای" لە سینەمای کوردی و سینەما لە "خۆرهەڵاتی نێوەڕاستـ"ـدا کرد و وتی: "من حەز ناکەم "یەڵماز گونای" تەنیا بە باوکی سینەمای کوردی ئەژمار بکەم، بەڵکوو حەز دەکەم بە جوانترین سینەماکاری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئەژمار بکەم کە زۆر کەسایەتیی سینەمای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵیدا کاریان کردووە".

هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دیاریکردنی ڕۆژی سینەمای کوردی لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی "یەڵماز گونای" لەلایەن کۆمپانیای "هاوار فیلم" کرد و وتی: "خۆشحاڵم بەوەی کە کۆمپانیای هاوار فیلم سێ ساڵە ڕۆژی ٩ی سێپتامبر کە ڕۆژێکی سەمبۆلیکە ڕۆژی مردنی مرۆڤێکی مەزن و سینەماکارێکی مەزنە، وەکوو ڕۆژی سینەمای کوردی دیاری کردووە. یەڵماز گونای ئەو کەسایەتییە بوو کە گوشاریان بۆ دەهێنا تاکوو حاشا لە کوردبوونی خۆی بکات و چەندە پێیان دەوت بێژە تورکم، ئەو هەر شێلگیرانە پێداگریی لەسەر کوردبوونی خۆی دەکرد و دەیوت من کوردم".

لە کۆتاییی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێژمۆنی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی سینەمای فارس و عەرەب و تورک لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "بۆچی دەبێت ڕێگە بدەین لەسەر شاشە تێلێڤیزیۆنەکانمان دراما و زەنجیرە فیلمە خراپەکانی ڕێژیمە فاشیستەکانی فارس و تورک و عەرەب بڵاو ببنەوە، نابێت لەمە زیاتر نەتەوەی کورد هونەرمەندەدکانی خۆی لەبیر بکات و هونەرمەندەکانی نەتەوەکانی تر بخاتە سەر شاشەی تیڤییەکانی، پێم وابێت هیچ نەتەوەیەک لە دنیادا ئەم کارە ناکات".

لە بەشێکی تری بڕگەی یەکەمدا، "هاوار مستەفا خان"، وەکوو خاوەن و بەرپرسی کۆمپانیای "هاوار فیلم" وتارێکی کورتی لەسەر ڕۆژی سینەمای کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان و بەشداربووانی پێشانگەکە کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا لەلایەن خۆی و هەروەها کۆمپانیای "هاوار فیلمـ"ـەوە سپاسی ئەو کۆمەڵە کەمە کەسانەی کرد کە پاڵپشی کولتوور و هونەر و سینەما و بەتایبەت پالپشتیی ڕۆژی سینەمای کوردی دەکەن.

ناوبرا لە نێوئاخنی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو جۆرە پاڵپشتیکردنە دەبێتەوە هۆی دڵگەرمیی هونەرمەندان و سینەماکارانی کورد لە کوردستانی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی زیاتری هونەری و ئەمەش تەنانەت لە ناوچەکەشدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ کورد دەبێت و ڕایگەیاند: "من زۆر باوەڕم بە تواناسازیی هونەرمەندانی کورد هەیە، ئەگەر لەم بوارەدا ئەستێرەی کورد بژمێرین، بەڕاستی یەکجار زۆرن بەڵام بەداخەوە پاڵپشتی ناکرێن".

بەڕێزیان لە بەشێکی تری قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە پێویستبوونی ڕاکێشانی بەهرەمەندان بۆ گۆڕەپانی خزمەتکردنی کولتوور و فەرهەنگی کوردی وتی: "پێویستە سپاسی ئەوانە بکەین کە پشتیوانی ئێمەیان کردووە و دەبێت هانیان بدەین تاکوو بەردەوام بن و ئەوان و ئێمەش پێکەوە بێینە گۆڕەپانی هونەر و هەموومان ئەرکدارین بێینە سەرهێڵ، خزمەتی هونەری کوردی بکەین".

لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکەدا پێشانگاکە لەلایەن هونەرمەند و سینەماکار "شوان عەتۆف" پێشانگاکە کرایەوە و سەرجەم بەرهەمە نووسراوەکانی "یەڵماز گونای" کەوتە بە دید و سەرەنجی بەشداربووانی پێشانگەکە و لەلایەن ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

 هاوکات لەو ڕێوڕەسمەدا پەردە لەسەر کتێبی "لە سێناریۆوە تا فیلم" لە وەرگێڕانی "عەبدوڵڵا ڕەسووڵی" وەرگێڕ و نووسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات لا درا.

 ئەم بەرهەمە کە لەسەر سێناریۆ و بەرهەمهێنانی فیلمە و لەلایەن "لیندا سێکر"، "ئیدوار ژەی و "وتمۆر" نووسراوە و لەلایەن عەبدوڵڵا ڕەسووڵی، لە زمانی "فارسیـ"ـیەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێردراوە، نوێترین بەرهەمی بەشی پرۆژە چاپکراوەکانی کۆمپانیای "هاوار فیلمـ"ـە.

هاوکاتیش هەر لەو شوێنەدا پێشانگەیەکی تایبەت بە وێنەی وێنەگرانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات کرایەوە و لەو پێشانگەیەدا کۆمەڵێک وێنەی تایبەت بە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و کولتووری ڕەنگینی کۆمەڵگای کوردی خرایە بەر دیدی بەشداربووان.

ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی کۆمپانیای "هاوار فیلم" ڕۆژی ١٨ی خەرمانان بەرانبەر بە ٩ی سێپتامبری لە ٣٦ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای" نووسەر و سینەماکاری کورد، وەکوو ڕۆژی سینەمای کوردی ڕاگەیاند و لەلایەن سینەماکارانی کوردەوە پێشوازیی لێ کرا و ماوەی سێ ساڵە، ساڵانە لەو ڕۆژەدا هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دواییی "یەڵماز گونای" بە چالاکیی جۆراوجۆر ڕۆژی سینەمای کوردییش بەرز ڕادەگیردرێت.

"یەڵماز حەمید ئۆغلوو" ناسراو بە "یەڵماز گونای" ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣١٦ی هەتاوی لە گوندی "ئینجە" سەر بە پارێزگای ئەدەنە لە کوردستانی باکوور لەدایک بووە.

 لە زانکۆی ئیستانبوڵ ئابووریی هەروەها لە زانکۆی ئانکارا مافناسیی تەواو کردووە.

 لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی، واتە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا چالاکییەکانی خۆی لەسەر سینەما هەم نووسینی سیناریۆدا و هەم بەرهەمهێنانی فیلم دەست پێ کردووە و خزمەتێکی باشی بە کۆمەڵگەی کوردی کردووە، ناوبراو لە سینەمادا ١٧ خەلاتی نێودەوڵەتیی بەدەست هێناوە کە بەناو بانگترینیان خەلاتی "چڵە خورمایی ئاڵتونیـ"ـی فستیفاڵی سینەمای "کان" لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینی بووە، لە ڕێکەوتی ١٣٦٣ی هەتاوی لە پاریس کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی "پێرلاشێز"ی پاریس بە خاک سپێردراو.