کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵهاتنی ئەستێرەی سۆهەیل

16:05 - 19 خەرمانان 2722

عەلی بداغی

هەڵهاتنی ئەستێرەی سۆهەیل

(پێشکێش بە یاد و بیرەوەریی شەهید سۆهەیلا قادری و هەموو ئازیزانی لەدەست‌چووی یەکگرتووخوازی کورد)

دوو حەوتوویە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکیەتیی ڕیزەکانی خۆی وەدەست هێناوەتەوە. دوو ڕۆژی‌ دیکەش چوارەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانانمان دەگاتێ. سۆهەیلا قادری یەک لە شەهیدانی پەلامارە مووشەکییەکەی سەر قەڵای دێموکرات و لە پێشەنگانی کاروانێک بوو کە نەک هەر دڵی بۆ یەکبوونەوەی دێموکراتەکان لێی دەدا، بەڵکوو بەکردەوەش، بە هەموو وزە و توانای فکریی خۆیەوە هەوڵی بۆ دەدا. بەشداریی چالاکانەی شەهید سۆهەیلا لە کەمپینی ١ی بەفرانبار کە ٧ ساڵ پێش ئێستا و لە بەستەڵەکی پێوەندییەکانی دوولایەنی حیزبی دێموکراتی ئەوکاتدا کۆمەڵێک نوخبە و چالاکانی سیاسیی کورد بە ئامانجی گوڕوتین بەخشین بە ڕەوتی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات وەگەڕیان خستبوو؛ باشترین فەکت بۆ ئەوەیە کە خەونی گەورەی ڕێبەرانی شەهیدمان هەمیشە یەکگرتوویی و یەکڕیزی بووە. لەم ڕۆژانەدا دەرفەتم لێ هێنا و جارێکی دیکەش کۆمەڵە ڤیدیۆیەکی کەمپینەکەم چاو لێ‌کردنەوە.

هەڵکەوتێکی سەیر نییە کە کاکڵی قسەکانی شەهید سۆهەیلا لە پەیامەکەی لەو کەمپینەدا لەگەڵ جەوهەری بەیاننامەی هاوبەشی یەکبوونەوەی دێموکراتەکان یەک شتن، چونکی ئەمە لە ڕوحی یەکگرتوویی‌خوازیی و تێگەیشتنی قووڵی سۆهەیلاوە بەنیسبەت جێگەوپێگەی ڕاستەقینەی حیزبی دێموکرات لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد و خۆشەویستیی ئەو حیزبە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانەوە سەرچاوەی دەگرت.

خەمی گەورەی سۆهەیلای کورد لێکدابڕان و پەرتەوازەیی هێز و وزەی خەباتگێڕیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت حیزبەکەی خۆی، حیزبی دێموکرات بوو. ئەو باش دەیزانی کە لە دووبەرەکیدا دەرفەتەکان لەکیس دەچن و لەبار دەبرێن، پەیام و داخوازەکان بەهەند وەرناگیرێن و دەسکەوتەکان کەم و تەنانەت دوورەدەست دەبن. ئەو لە کاتێکدا ئەندامی ڕێبەریی حیزبەکەی خۆی بوو، بەحەق ئیمانی بەوە بوو کە بە لێکدابڕان و سەنگەرجیاکردنەوە کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ڕێکخستنێکی حیزبی چارەسەری نابن. بەڵکوو ئەمە سینگ‌فراوانی و پشوودرێژی، وەرگرتنی ڕەخنە و بەخۆداچوونەوە، گۆڕینی کولتووری حیزبایەتی و میکانیزمی بەڕێوەبەری، و دواجار؛ ئەرک‌وەخۆگری و هەمیشە لەبەرچاوبوونی هێڵی گشتیی بەرژەوەندییە سەرەکییەکەیە، کە دەتوانێ ڕێکخراوێک بەزیندوویی و کارامەیی بێڵێتەوە.

دان بە بەرپرسایەتیی دۆخێک کە هاتۆتە ئاراوە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە هەم خەسڵەتێکی بەرزی شەهید سۆهەیلایە و هەم بەشێکی گرینگە لە پەیامەکەی. ئەو پێی وانەبوو لەو لیک‌دابڕانەدا لایەک فریشتە و ئەویدی ئەهریمەن بووبێت. ئەو باوەڕی وابوو کە پێشمەرجی یەکخستنەوەی ڕیزی لێکدابڕاوی حیزبەکەی داننان بە بەرپرسایەتیی لێکدابڕان و پاشان ئازایەتیی هەنگاونانی بەکردەوە بۆ یەکگرتنەوە و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ میراتی پێشەوا لەلایەن میراتگرانی ئەو ڕێبازەیە. هەربۆیە لەسەر کەس و ئەوانیدی ڕانەوەستا، بۆخۆی هەم بوو هاندەر و هەم ڕچەشکێن لەو پێناوەدا.

سۆهەیلا لەو دۆخە پڕ مەترسی و هیوایەشدا بەوە دڵخۆش بوو کە هەردوو بەشەکەی دێموکرات سەرباقی ئەو دۆخە نالەبارەش، بەڵام خۆیان و فەلسەفەی وجوودیی خەباتەکەتان لەبیر نەکردوە و سیلەی هاوبەشیان لە کۆماری ئیسلامی گرتوە. ئەو دەڵێ شاباڵ، یان بە دڵنیاییەوە جووت‌باڵی هەڵفڕینی خەبات و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر حیزبی دێموکراتە. چاوی سۆهەیلای واقعبین هەموو ئەوانەی دەدی: چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بۆ نێوخۆی وڵات کە تین‌وگوڕ و گیانێکی نوێی وەبەر خەباتی جەماوەری و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی نابوو. پەروەردەی بەردەوام، پەرەسەندنی خەباتی پێشمەرگانە و مێدیایی لە دژی کۆماری ئیسلامی و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەردوو لایەنی حیزبی دێموکرات بۆ بەرجەستەکردن و بەڕۆژەڤ‌کردنی پرسی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانییشدا؛ بەڵام ئەو خولیایەکی دیکەی هەبوو، خولیایەک کە لە چاوەڕوانیی بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لە مەزنەئاواتی کەسوکاری پێشمەرگەکان و هەموو هۆگرانی حیزبی دێموکراتەوە سەرچاوەی دەگرت. سۆهەیلای شەهید دەیزانی کە بێتوو ڕیزەکانی دێموکرات، حیزبە پڕشکۆیەیەک ڕۆژهەڵات وەسەریەک بخرێتەوە، دەسکەوتەکان گەڵێک زیاتر دەبن و داری هیواکان بەر دەگرن.

سۆهەیلای گەشبین بەڵام پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێتەوە کە بناخەکانی یەکبوونەوە و یەکگرتنەوە دەبێ وەها قایم بن کە حاشا جارێکی دیکە متمانەی خەڵک، وەک سەرچاوەی سەرەکیی بوون و مانەوەی حیزب خەوش هەڵگرێتەوە. بۆ ئەوەش دەبێ برینەکان ساڕێژ ببنەوە و هەڵە و چەوتییەکان لە وێک‌هەڵنەکردنەکانی پێشوودا قەرەبوو بکرێنەوە. ئەمە نەک هەر حەز و خۆزیا و پەیامی شەهید سۆهەیلا قادری، بەڵکوو ویستی هەموو شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و ڕاسان، نەمران جەلیل گادانی، چەکۆ ڕەحیمی، لوقمان مێهفەر، ئەنوەری سوڵتان‌پەنا، و هەموو ئەو ڕێبەران، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی یەکگرتووخوازی دیکەی حیزبەکەمان بوو کە ئێستا لە نێوماندا نەماون؛ بەڵام چاویان بە سەرمانەوەیە کە بەباشی ئەو ئەمانەتەی کە بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی ئەوانیشە، بپارێزین.

ئەستێرەی سۆهەیلی کوردان هەڵهاتوە، لە ئاسمانی ئەستێرە‌ئاژنی خەباتی کورددا خۆرێک دەدرەوشێتەوە کە تاکەهیوای گەلێکە بۆ سەرکەوتن و وەدیهێنانی خەونەکانی؛ خۆرێک کە دڕ بە شەوەزەنگی بێدادی و بێ‌مافیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.