کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەکگرتنەوە گرینگتر

16:42 - 19 خەرمانان 2722

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

زۆر جار ئەوانەی کە لەسەر حیزبی دێموکرات دەنووسن بۆ نیشاندانی کاریگەریی ئەو حیزبە لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە چەمکی داینەمۆی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات کەڵک وەردەگرن. ئەو چەمکە زیادتر لەوەی کە بە مەبەستی بانگەشەکردن بێت بۆ ئەو حیزبە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتانەی کە لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافەوە و هەروەها ڕۆڵی ئەو حیزبە لە قوناغی جیاوازدا، لە هەڵگیرساندن و ئاراستەکردنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات هەن. لە هەمووی ئەو قوناغانە هەرکات حیزب بەهێز بووبێت شۆڕشی کورد بۆ بەدەست‌هێنانی مافەکانی گەشەی بە خۆیەوە دیتوە. ئەو ڕاستییە بە قوربانییەکی زۆری ئەو ڕێکخراوە لە پێناو دابینکردنی مافی نەتەوەیی بەدی هاتووە.

لەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەدا کە بێ کەم‌وکووڕیش نەبووە یەک بابەت هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو حیزبە کە گۆرانکاریی زۆری بە سەردا نایێ، پێگەی ئەو حیزبە لەنێو گەلی کورددایە. هەر ئەو بابەتەش وای‌کردوە کە هەر جووڵەیەکی ئەو حیزبە شوێندانەری ڕاستەوخۆی لە گۆڕەپانی خەباتدا هەبێت. هەربۆیەش بە داینەمۆی شۆڕش وەسف دەکرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڕیارێکی دروست و پێویست و لە شوێنی خۆی حیزب بڕیاری یەکبوونەوەی خۆی دا، دیتمان ڕەنگدانەوەیەکی زۆر ئەرێنیی لە ڕۆژهەڵات و دونیای سیاسەت و میدیا هەیبوو، بە دیتنی شەپۆلی خۆشحاڵیی خەڵک بە گشتی و دڵسۆزان و لایەنگرانی ئەو حیزبە بەتایبەتی ئەو ڕاستییە جارێکی دیکە سەلمێنرا کە پێگەی حیزب لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواری لە ئاستێکی بەرزە. ئەو پێگەیە وا دەکات کە وەک هەمیشە بە داینەمۆی شۆڕش و شوێندانەری ئەرێنی لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی بناسرێت، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەو نووسینەیە گواستنەوەی ئەو ڕەنگدانەوەیە ئەرێنییەی ئەو بڕیارە درووستەی حیزب نییە، چونکە زۆ باسی لە سەرکراوە، هەموو کوردێکیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەستی پێ کردوە؛ بەڵکوو پێویستە باس لە قوناغی دوای ئەو بڕیارە بکرێت. چونکە ئەو شەپۆلە گەورەیە لە خۆشحاڵی و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک لە هەمان کاتدا بەرپرسیارەتییەکی قورس دەخاتە سەر شانی ئەو حیزبە، ئەو بەرپرسیارەتییە و پێداویستییەکانی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات و خەبات کە یەکبوونەوەی دێموکراتی ئافراندووە کە یەکجار زۆر گرینگە، دەخوازێ گەلێک هەنگاوی گرینگی دیکە بهاوێژرێت بۆ ئەوەی بتوانرێ لە ئاستی ئەو بەرپرسیارەتییە سەرکەوتنی زیاتر بە دەست بێنێ کە سەرکەوتن لەو بوارەدا شوێندانەری ڕاستەوخۆی لە بزاڤە ڕەواکەی گەلەکەمان دادەنێت.

گرینگتر لە یەکگرتنەوە پاراستنی ئەو یەکگرتنەوەیە لە داهاتوودایە. دوژمنانی نەتەوەی کورد هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوەی کورد لاواز بێت، هەوڵی دابەشکردنی کوردستان و کوردیان داوە، تەنانەت هەندێک جاریش کورد بۆ خۆی پەرەی بەو دابەشبوونە داوە، تەنانەت نەیتوانیوە لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکیشدا ئەو یەکڕیزییە بپارزێ، لە ئاکامدا بزووتنەوەی کورد لاواز بووە، بە پێچەوانەوە هەر یەکبوونێکی کورد لە ئاستی جیاوازدا، بەهێزیی شۆڕشی لێ دەکەوێتەوە، کە واتە پێویستە ئەو یەکبوونە وەک گلێنەی چاومان بپارێزین. بەڵام ئەمە چۆن وەدی دێت؟ بێ‌گومان بە ئەزموون‌وەرگرتن لە ڕابردوو دەتوانین ئەو هەنگاوانە بگرینە بەر کە ئەو یەکبوونە بەهێز بکات.

لە قوناغی دوای یەکبوونەوەمان گرینگتر، بەهێزکردنی بوارە جیاوازەکانی خەبات لە ئاستی جیاواز بە کەڵک‌وەرگرتن لە پڕۆژە و بیرو هزری زانستی و سەردەمیانەیە کە بە خۆشییەوە حیزبی دێموکرات بە هۆی ئەو پێگە جەماوەرییە و پوتانسیەلە گەورەیەی هێزی مرۆیی داهێنەر کە هەیەتی، دوژمن بەتەواوی لێی دەترسێ و هەروەها بە شەڕی نەرم دەیهەوێ ئەو پوتانسیەلە لە حیزب دوور بکەوێتەوە. هەر بۆیە ئەو پوتانسیەلە دەتوانێ هەموو بوار و ئاستەکانی شۆڕش بەهێز و بەهێزتر بکات.

لە یەکگرتنەوە گرینگتر گواستنەوەی ئەو یەکگرتنە بۆ ئاستی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانە لە ڕۆژهەڵات چونکە حیزبی دێموکرات هیچ کات بە هێزی گەورەی خۆی لە خۆبایی نەبووە، بەڵکوو بەردەوام هەوڵی داوە کە یەکڕیزی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات پەرە پێ بدات، لە دوای هەنگاوی یەکبوونەوە ئەو بابەتە پێویستە زیاتر لە جاران بە هەبوونی پڕۆژەی دیاری کراو لە ئاستی جیاواز بۆ دۆسیەی کورد لە داهاتووی ئێراندا ڕەچاو بکرێت.

داینەمۆبوونی شۆڕش وا دەخوازێ کە حیزب ئەو هەنگاوانە بە جیدییەتی زیاترەوە هەڵبگرێ و لە قوناغی نوێدا بەرەو هەنگاوی گرینگتر لە یەکبوونەوەشمان کە هەنگاوێکی لە ڕادەبەدەر گرینگە هەڵبگرێت. دکتور قاسملووی نەمر کە ڕۆڵێکی گرینگی لە بووژاندنەوەی ئەو ڕێکخراوەیە هەبووە، مانەوەی بەردەوامی ئەو حیزبە لە گۆڕەپانی خەباتدا بۆ سێ فاکتەری هەبوونی سیاسەتی دروست، پێگە و پێشتیوانی جەماوەری و هەروەها قارەمانێتی پێشمەرگە دەگەرێنتەوە. ئەمڕۆ بە ڕوونی ئەو سێ ئەسڵە لە بڕیارەکانی حیزب لە یەکبوونەوە و بەرەو بەهێزکردنی شۆڕش بە ڕوونی دەبیندرێ، هەربۆیەش کاتی هەڵگرتنی هەنگاوی گرینگتر لە یەکبوونەوە هاتووە.

بێگومان بە هەوڵ پشتیوانی هەموو لایەک هەنگاوی گرینگتر لە حیزبی دێموکرات دەوشێتەوە و ئەوە هەم ئەرکە و هەم کارێکی کردەنی.