ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری ٢٦ی خەرمانان، سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری بلیمەتی کورد دوکتور ''سادق شەرەفکەندی'' و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغیان لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە برد و یادی شەهیدانی "میکۆنۆسـ"ـیان بەرز ڕاگرت.
ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، شەوی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانان، لە "ئاویەر"ی شاری سنە بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرفکەندی و هاوڕێیانی بە دەست تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێستوورانی میکۆنۆس لە بێرلین پێتەختی ئاڵمان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر لە شوێنەکانی وەک ''سەیرانگای گوێزەکوێر، دەورووبەری پەناگای ئاویەر و کانیی ماماتکە و کانیی شەفا" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان نوێ کردەوە و بەڵێنیان دا تا گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزی شەهیدان درێژەدەری ڕێگایان بن.
هەر بەو بۆنەوە ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە مەهاباد، لە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری شەهید، دوکتور سادق شەرەفکەندی، یادی شەهیدانی "میکۆنۆسـ"ـیان بەرز ڕاگرت و تێرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بۆ جاڕیکی دیکە مەحکووم کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە مەهاباد چالاکی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "گەڕەکی مەجبورئاوا، زانکۆی ئازاد، سارمبەرگ و گوندەکانی شیلاناوێ، سەیداوا، سێڕای شیلاناوێ، ئاوایی قەڵات، سارەوانان، لاچین".
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بانە بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان سیهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە نووسینی دروشم، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی چالاکی لێ بەڕێوە چووە بریتین لە: ''ئەحمەد ئاوا، بلواری مەرزبانان، مزگەوتی ئیبراهیمی، دیواری پردی هەوایی جادەی سەقز، بلواری جادەی سەقز''