کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشی ئەگەر نەتکوژێ، بەهێزترت دەکا!

17:19 - 19 خەرمانان 2722

برایم لاجانی

یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزب بە سەرکەوتنێکی گەورەی کاری تەشکیلاتی و حیزبی دادەنرێ. ئەو یەکگرتنەوەیە بە هەموو لایەکی نیشانی دا سەرەڕای هەموو سەرکوت و زەبروزەنگەکان، کەندوکۆسپەکانی سەر ڕێگا و زەبرە قورسەکان، هێشتا حیزبەکەمان توانا و مایەی ئەوەی تێدایە بە ڕێگای ڕاستی خۆیدا بڕواتە پێش، توانای ئەوەی تێدایە بەسەر گیروگرفتە نێوخۆییەکاندا زاڵ بێ و ڕۆژ بەرۆژ لەباری سیاسی و فکرییەوە دەوڵەمەنتر و پوختەتر بێ. 

ئەو یەکگرتنەوەیە وەڵامدانەوەیە بە بانگەوازی زەمان، بە پێداویستییەکانی ئەو هەلومەرجەی کە بزووتنەوەی میللی-دێموكراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران پێیدا تێ‌دەپەڕێ. وەڵامدانەوەیە بەو پاڵەپەستۆ و فشارەی لەلایەن بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان و  جەماوەری حیزب، لە پێوەندیی دەگەڵ پەڕش‌وبڵاوی ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوەدا خرابووە سەر حیزب بەگشتی و ڕێبەریی حیزب بەتایبەتی. ئیدی سەردەمی ئەوە بەسەرچووە تەنیا لە تاریکخانەی شانە و هەستەی حیزبی و تەشکیلاتیدا مەسەلە حیزبی و سیاسییەکان تاوتوێ بکرێن و بڕیاریان لەسەر بدرێ. حیزب و ڕێبەرایەتیەکەی ناتوانن گرنگی و بایەخ بە بیروبۆچوونی بەدەنەی حیزب نەدەن و لە بەرانبەر فشاری بیروڕای گشتیدا بێ تەفاوەت بن. سیاسەتێک، حیزبێک و ڕەوتێک کە هەست بە فشاری بیروڕای گشتی لەسەر خۆی نەکا، دەبێتە ڕەوتێکی بێ ڕەبت و جیا لە کۆمەڵانی خەڵک.

یەکگرتنەوە ئاکامی بیرکردنەوەیەکی دوور و درێژە. ئاکامی بیرکردنەوەی ڕێبەری و بەدەنەی حیزبە و ئاکامی خۆهەڵسەنگاندنەوەی ڕێبەری و حیزبە بەگشتی؛ بۆیە ئەو یەکگرتنەوەیە دەسکەوتێکی گەورەی سیاسی و تەشکیلاتیمانە و یەکگرتنەوەی حیزبەکەمان، بزووتنەوەکەشمان بەهێزتر دەکا. هەربۆیە کارێکی دروستە، بەڵام دەبێ لە دەسکەوتێکی تەشکیلاتییەوە بیکەینە سەرکەوتنێکی سیاسی و میللی و نەتەوەییش.

دەکرێ و ڕەوایە ڕەخنە لە حیزب و ڕێبەریی خۆمان بگرین، بەڵام قەت نابێ وێنە گەورەکە ون کەین. واتە دەبێ هەمیشە ئامانجە بنەڕەتییەکانی میللەتەکەمان لەبەرچاو بێ و بەدوای وەدیهێنانی ئەوانەوە بین. ئەگەر خۆمان بەرانبەر خۆمان نەوەستین و وزەکانمان بەفیڕۆ نەدەین،  زوو دەتوانین لە ڕەوتی خەباتدا کەموکوڕییەکانمان چارەسەر بکەین. ئەوەندە بەسە تەماشای میللەتەکەمان بکەین و بزانین ئەوان لە چ هەلومەرجێکدا خەبات دەبەنە پێش. ئەگەر ئیلهام لەوان واتە لە میللەتەکەمان وەرگرین، بەسەر کەموکوڕییەکانی خۆشماندا زاڵ بین. ئەوە ئەو دەرسەیە کە یەکگرتنەوە فێری کردین.

لەو چەند ساڵەی دواییدا گەلێک ئاڵوگۆڕی گەورەی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە و لە کوردستاندا ڕوویان داوە. ئەو ئاڵوگۆڕانە کاریگەریی خۆیان لەسەر حیزب و تەشکیلاتەکەی هەبووە، شوێنەواریان لەسەر سیاسەتی کوردی و حیزبی کوردیش هەبووە. ئێستا ئەگەر لەخۆمانی نەگۆڕین هەموو تێگەیوین کە سیاسەت و حیزبایەتیش لە کوردستان پێویستی بە سەرلەنوێ خوێندنەوە و، میتۆد و بیرکردنەوەی نوێ هەیە. حیزبی دێموکڕات حیزبێکی جەماوەرییە. حیزبێکیش کە ناسنامەیەکی جەماوەریی هەیە، هەمیشە هەر جەماوەری دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەو یەکگرتنەوەیە نیشانەی پوختەبوونی حیزب بەگشتییە، نیشانەی پوختەبوونی ڕێبەریی حیزبیشە. بە جۆرێک کە ئەو ڕێبەرییەی ئێستا بۆخۆی بۆتە ئاڵاهەڵگری ئەو سالمسازییە لە حیزبی ئێمەدا. ئەگەر ئەو یەکگرتنەوەیە ئاکامی بە سەرنجام گەیشتنی دیالۆگی دەستەجەمعی و بەکۆمەڵی نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبە، دەبێ بزانین کە ڕێبەریمان بۆخۆی ڕاهێنەر و مامۆستای ئەو وەرزشە دەستەجەمعییەمان بووە.

هەموو تێگەیوین کە سودێک لە جێگۆڕکێی ئیلیتی حیزبی و تەشکیلاتیدا نییە. دەبێ ئاڵوگۆڕ لە مەتن و زەمینە و میتۆدەکانی کاری سیاسی و حیزبیماندا پێک بێت. ئەگەر بتوانین ئەو دەرسە چاک فێربین، خزمەتێکی زۆرمان بە حیزب و تەشکیلاتی حیزب کردوە. ئەو یەکگرتنەوەیە لاپەڕەی زێرێنی کاری حیزبی و تەشکیلاتی ئەو چەند ساڵانەی دواییمانە.

ئایندەی خەباتی ئێمە و حیزب و بزووتنەوەی ئێمە زۆر ڕوونە، ئەو یەکگرتنەوە سەرەتای چوونەدەری ئێمەیە لەو توونێڵەی تێی کەوتبووین. ئەو قسانەم لە ئارەزووپەروەرییەوە سەرچاوە ناگرن، لە خۆشبینیشەوە نایەن کە مەرجی بنەڕەتی کاری سیاسی و حیزبیین. بەڵکوو لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرن کە بە میلیۆن کەس گوێ لە پەیام و قسەی حیزبی ئێمە دەگرن، بچووکترین دەرفەت بێتە پێش نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە سەرتاسەری ئێرانیشدا بە هاودەنگی دەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی دیکە، هێزی هەرە کاریگەر و پارامیتری هەرەجدین لەسەر وەزعی سیاسی ئێران و ناوچەکە. مەیدانێکی گەورە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ خزمەت بە حیزب و ئامانجەکانی بزووتنەوە بکەن هاتۆتە پێشێ، ئەو یەکگرتنەوەیە مەیدانەکە لەوەش گەورەتر دەکا، بۆ زۆربەمان مەیدان هەر لە ئێستاوە گەورەتر بووە. ئەوە ئێمەین دەبێ بگەینە ئاستی ئەو مەیدانە تا بتوانین یاریی تێدا بکەین. با خۆمان هەڵکێشینە ئاستی ئەو بەرپرسایەتییەی ئەو یەکگرتنەوە دەیخاتە سەرشانمان.

دواقسە: ئەو یەکگرتنەوە ناتوانێ هەموو گیروگرفتەکانمان چارەسەر بکا، بەڵام دەتوانێ دەرفەتی زیاتر بۆ دیتنی کەموکوڕییەکانمان و بەڕەسمییەت‌ناسینی کێشەکانمان پێک بێنێ. ئەوەش تووشی چەلێنجی تازە و نوێمان دەکا و شانسی زیاتر بۆ گەشە و پوختەبوون و هەڵدان و گەورەبوونی زۆرتری حیزبەکەمان پێک دێنێ. ئامانجی تەکامول گەشە و ئاڵوگۆڕ و هەڵدانی زۆرترە. حیزبی ئێمە لە ڕەوتی ژیان و خەباتی خۆیدا هەروا هاتوە و گەورەتر و بەهێزتر بووە. لە داهاتووشدا هەر وا دەبێ. نەخۆشییەک ئەگەر نەتکوژێ بە‌هێزترت دەکا. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ئەزموونە سەختەدا ئێستا لە هەمیشە بەهێزتر هاتۆتەدەر و  بەهێزتریش لە مەیدانی خەباتدا دەڕواتە پێش. با هەرکاممان تێ‌بکۆشین بە مایەدانان لە خۆمان و تواناکانمان کۆمەگ بە چوونەپێشی حیزبەکەمان بکەین و لەو ڕێگایەوە خۆشمان بەرەو بەرزی و گەورەیی هەڵکشێین.