کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (ئەیووب ئەسەدی)

17:22 - 19 خەرمانان 2722

ئا: دیاکۆ دانا

یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی تۆتالیتر و پاوانخواز و دیکتاتۆر ئەوەیە کە هەر بیروبۆچوونێکی سیاسیی جیاواز و ڕەخنەگرانە کە سیستمی دەسەڵاتدارەتیی ئەو بباتە ژێر پرسیارەوە، بەتوندی بەگژیدا دەچێتەوە و سەرکوتی دەکا. ئەو سەرکوت‌کردنەش بە شێوازی جۆراجۆر وەکوو گرتنی ڕەخنەگران و چالاکانی سیاسی، ئەشکنجەدا، زیندان، ئێعدام، تێرۆرکردن و ... خۆ دەردەخا. لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو ڕێژیمێکی دیکتاتۆر- تۆتالیتر بە هەموو شێوەیەک هەر دەنگێکی ناڕازیی لە ماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا، کپ کردوە و بەتوندترین شێوە و بە پشتبەستن بە ئامرازی سەرکوت لەگەڵی ڕووبەڕووی بۆتەوە. زیندانییانی سیاسی یەکێک لە قوربانییەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامییە کە لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمدا زۆرترین تێچوویان لەپێناو بیروباوەڕ و خۆڕاگرییان لە بەرانبەر سپای جەهل و نەزانی داوە.

چیرۆک و بەسەرهاتی زیندانییانی سیاسیی کورد و غەیرە کورد پێمان دەڵێ هەڵسوکەوتی دەزگای داد و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندانییانی سیاسی بەجۆرێک بووە کە هەمیشە کاردانەوەی توندی ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکەر لە مافی مرۆڤی بەدووی خۆیدا هێناوە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تێچووی چالاکی سیاسی و ئەکتیویتی لە کوردستان بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی هەمیشە قورستر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و بەو پێیەش زیندانیی سیاسیی کورد پتر لە زینداییە سیاسییەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە و بێ‌مافی ڕووبەڕوو بۆتەوە. لە گۆشەی "زیندان بەزێنەکانی" ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا باس لە ژیان و بەسەرهاتی "ئەیووب ئەسەدی"، زیندانی سیاسیی کورد دەکەین کە هەنووکە بۆ ماوەی ١١ ساڵە لە زیندانی کاشمەر لە بەنددایە.

ئەیووب ئەسەدی کە خەڵکی مەریوانە، ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لە نیزیکی گوندی بوڕیەر لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکە بە ناوی "محەممەدحوسێن ڕەزایی" لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران. هێزەکانی سپای پاسداران لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کەسەدا تەقەیان لێ کردن و بە پاشان بە برینداری دەسبەسەریان کردن. هەروەها وەرزێرێکی خەڵکی ئەو گوندەش کە لە نیزیکی ڕووداوەکە بوو، وەبەر ئەو دەستڕێژە کەوت و دەمودەست کوژرا.

ئەیووب کە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنییەتی لەدژی ڕێژیم گیرابوو، پاش ٨ مانگ ئەشکەنجە و مانەوە لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سپا لە مەریوان، ڕۆژی ١٩ ڕێبەندانی ساڵی ٩٠ بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا. ئەو دوای سێ جار دادگایی‌کرانی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی قازی "بابایی"، لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ساڵی  ١٣٩١ تۆمەتی ئەندامەتی لە "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران"ی درایە پاڵ و لەو سۆنگەیەوە سزای ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زنیدانی ناوەندی شاری کاشمەری بەسەردا سەپا. ئەیووب پاش ڕاگەیاندنی ئەو حوکمە تانەی لە بڕیارەکە دا و پەروەندەکەی بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ دیوانی بەرزی وڵات نێردرا، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێک بەو داوایە نەدراوەتەوە.

ئەیووب ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ بۆ بەشی بەڕێوەچوونی ئەحکامی زیندانی ناوەندی سنە بانگ کرا و پاشان بۆ زیندانی ناوەندیی کاشمەر دوور خرایەوە. ئەو بەندییە سیاسییە کوردە لە ماوەی بەندکرانی لەو چەند ساڵەدا دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و تووشی کۆمەڵە نەخۆشییەکی وەکوو ئاسم، پشت‌ئێشە و هەوکردنی ڕیخۆلە و گورچییلە بووە. پزیشک و بەرپرسانی زیندان نایشارنەوە کە بارودۆخی سڵامەتیی ئەیووب زۆر شپرزە، بەڵام بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هەستیاریی پەروەندەکەی! ناتوانن بینێرنە نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان.

بنەماڵەی ئەیووب بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی کوڕەکەیان و ناردنی بۆ مەرەخسیی دەرمانی، لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤دا بارمتەیەکی ١٨٠ میلیۆن تمەنییان دانا، بەڵام بەو حاڵەش دادئەستێنیی کاشمەر ڕێی لە ناردنی ئەو بۆ مەرەخسی گرتبوو. ئەیووب لە کاردانەوە بەو بڕیارە و بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە نەناردنی بۆ مەرخەستی و بایەخ‌نەدانی بەرپرسانی زیندانی کاشمەر بە دۆخی ئەو ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ مانی لە خواردن گرت. دوای ٢٥ ڕۆژ دادستانی کاشمەر بۆ ئەوەی کە ئەیووب کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ، ملی بۆ ئەوە ڕاکێشا لەبری دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەن بنێردرێتە مەرەخەسی. کەچی سەرەڕای ئەوەش کە بنەماڵەی ئەیووب ئامادە بوون ئەو بڕە پووڵە دابین بکەن، کەچی دیسانەکەش بڕیارەکە بەهۆی دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان جێبەجێ نەکرا. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە دایکی ئەیووب لەبەر دۆخی نالەباری کووڕەکەی لە زیندان و نەناردنی بۆ مەرەخسی و قوڵبوونەوە نەخۆشییەکانی خۆی ڕانەگرێ و تووشی جەڵتەی دڵ ببێ.

گوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تێکچوونی یەکجارەگیی دۆخی تەندروستیی ئەیووب ئەسەدی دواجار ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بەرپرسانی زیندانی ناچار کرد کە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٨ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی بنێردرێتە مەرەخسییەکی کورت و پاش تەواوبوونی ماوە مەرەخسییەکی دیسانەکەش بەڕێی زیندان بکرێتەوە.

ئەیووب ئەسەی لە کاتێکدا خەریکی کێشانی ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانەکەیەتی، کە پتر لە دە ساڵە داوای پێداچوونەوەی بەو حوکمە کردوە و هێشتا لەو بارەیەوە وەڵامی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی وەرنەگرتوە.