قادر وریا: پاراستنی یەکگرتوویی حیزب، سەرچاوە و دایکی هەموو ئەرکەکانی دیکەیە
سامان موکریانی: ئەرکەکانی پاش یەکگرتن، قورستر، گرینگتر و بەرفراوانترن
ئا: سروور
پرسیار ئەوەیە: پێویستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە چیدا بوو، و ئەم یەکگرتنەوەیە چ دۆخێکی نوێی دیکە بۆ حیزبی دێموکرات دەخوڵقێنێ؟ یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات چ کاریگەرییەکی لەسەر یەکڕیزی و هاوخەباتی حیزبە و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دادەنێت؟ ئەمە دەکرێ چەند هەنگاو بۆ پێشەوە بێت؟ هەر لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێ چ شوێنکارێکی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە دێموکرات و ناوەندگەراوە هەبێت؟ یەککەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات چ شوێنێک لەسەر پێگە و ستاتوی حیزب دادەنێ و چەندە مەیدان بۆ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیی حیزب لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ئاوەڵاتر دەکا؟ ڕوانینی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەمجارەیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی یەکگر و یەکگرتوو چۆن دەبێت؟ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ ئەرک و بەرپرسایەتییەکی دی بۆ ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە دروست دەکا؟ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ ئەرک و بەرپرسایەتییەکی دی بۆ ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە دروست دەکات''؟
ئەم مژارەمان وەک پرسیار بەرەوڕووی قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی پێشوو و تێکۆشەری دێرینی حیزب و سامان موکریانی (ناوی خوازراو)، چالاکی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات کردوە.
قادر وریا:
یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ئەرکەکانی ڕێبەری، کادرەکان، پێشمەرگەکان، ئەندامان و بە گشتی هەموو ئەو کەسانەی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوودا تێکۆشانیان هەیە، لە قۆناغی نوێدا ئەوەیە کە ئەم یەکیەتی و یەکگرتوویییە وەک گلێنەی چاو بپارێزن.
ئەزموونی ساڵان و قۆناغەکانی ڕابردوو پێمان دەڵێت ئەگەر حیزبێک چەند بەرەکی و ململانێی ناسالمی تێدا بێت، وزە و کات و توانای تاکەکانی بەرەو بەربەرەکانی لە گەڵ یەکتر دەچێت، ئامانج و ئەرکە سەرەکییەکان لای ئەوان کەمڕەنگ دەبنەوە و پشتگوێ دەخرێن. بەڵام ئەگەر تەبایی و یەکگرتوویی و هاودڵی بە سەر حیزبدا زاڵ بێت، فکرەکان و تواناکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئەسلییەکان تەرخان دەکرێن.لە ڕووی دەروونییشەوە، ڕێبەریی، کادرەکان، پێشمەرگەکان و ئەندامانی حیزب هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی و متمانە بەیەکتر دەکەن. ئەم بارە دەروونییە هەستی پشت پێکبەستن و بڕوابەخۆبوون لە تێکڕایاندا بە هێز و، بە تێکۆشان و خەبات دڵگەرمتریان دەکات. ڕێگریش دەبێت لە سەرکەوتنی زۆر لە پیلانەکانی نەیارانی ئەم حیزبە بە تایبەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرامبەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان.
هەموومان دەزانین و دەبینین کە حیزبی دێموکرات بە وەدەستهێنانەوەی یەکگرتوویی خۆی، چاوەڕوانی و هیوایەکی زۆری لە دڵی هۆگرانی ئەم حیزبە و خەڵکی کوردستاندا بە گشتی پێک هێناوە. چاوەڕوانی و هیوایەک کە لێمان دەخوازێ لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا، لە پێشوو دیارتر و چالاکتر بین و ڕۆڵێکی گەورەتر لە بەرەوپێشبردنی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بگرینە ئەستۆ. ئەم چاوەڕوانی و هیوادارییەش لە جێی خۆیدایە، چونکە:
حیزبی دێموکرات، مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و هەر لەو کاتەدا پڕ لە شانازیی هەیە. ئامانج و ستراتیژی و بەرنامەیەکی هەیە کە کە خەڵکی کوردستان بە هی خۆیانی دەزانن. ئەو ڕەمز و هێما و دەسکەوتانەی لە سەر دەست و لە داوێنی ئەم حیزبەوە هاتوونە نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بوون بە مڵکی گشتی و هەموان شانازیی پێوە دەکەن. کۆماری کوردستان، ئاڵای کوردستان، هێزی پێشمەرگە، سروودی نەتەوەیی،٨٠ ساڵ خەبات و کۆڵنەدان(بەو ٣ساڵەشەوە کە لە ژێر ناوی کۆمەڵەی ژێکافدا خەباتی کردووە)، گیانبەختکردنی هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی و لە سەرووی ئەوانەوە ناو و یادی ڕێبەرە شەهیدەکانی بە تایبەتی پێشەوا قازی محەمەد، د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی، ڕەگ و خۆشەویستیی حیزبی دێموکراتیان بە ناخی نەتەوەکەی و بە پانایی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شۆڕ کردووەتەوە. حیزبی دێموکرات ناسراوی و ئیعتیبارێکی سیاسی و خەباتگێڕانەی گەورەی لە ئاستی ناوچە و کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا هەیە. هیزێکی گەورەی مرۆیی هەیە کە سەدان کەسایەتی و خەباتکاری لێوەشاوە و لێهاتوو لە بواری جۆراوجۆر لە نێویاندان. ئەم خاڵ و تایبەتمەندییە ئەرێنیانە و ئەزموونێکی دوورودرێژ و دەوڵەمەند کە لە مەیدانی خەباتی هەمە لایەنەدا کۆی کردووەتەوە، گەورەترین سەرمایە بۆ بەردەوامی و بەرەوپێشچوونی ئەو حیزبەن. ئەگەر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ناکۆکی و لەتبوون و لێکدابڕان بە خۆیەوە خەریکی کردبوو، ئێستا بە وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و دەرسوەرگرتنی هەموو ئاستەکانی حیزب لە لێکدابران و وێکهەڵنەکردن، دەبێ چاوەڕوانی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و خەبات لە ژیانی ئەو حیزبەدا بین.
لە ڕوانگەی منەوە پاراستنی یەکگرتوویی حیزب، سەرچاوە و دایکی هەموو ئەرکەکانی دیکەیە. دەستەبەری پارێزرانی ئەم یەکگرتووییەش هەر وەک لە بەیاننامەی یەکگرتنەوە(بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران)دا هاتووە، بریتییە لە: " ئەزموونوەرگرتن لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو، ڕێگەگرتن لە کۆمەڵێک دیاردەی نەرێنی و نەخوازراو، ڕەخنەگرتن و ڕەخنەقبووڵکردن و ڕاشکاوبێژیی ڕێبەری و ئەندامان لە نێوخۆی حیزبدا، گۆڕین و نوێکردنەوەی کولتوور و سیستەم و شێوازی حیزبایەتی و پێکەوە کارکردن، ڕهخساندنی هەلومەرج بۆ شایستەسالاری، پێکهێنانی گیانی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست یەکگرتوویی حیزب و پەسندکراوەکانی، پەروەردە و بارهێنانی ئەمڕۆیی و ڕاهێنانی تاکەکان بە گیانی وێکهەڵکردن و ڕێزگرتن لە جۆراوجۆری و جیاوازییەکان، خوڵقاندنی کەشوهەوایەک کە هەمووان حیزب بە هی خۆیان بزانن."
سامان موکریانی:
یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە سێ ئاستدا بۆ بەرەو پێشبردنی پرسی کورد پێویست بوو. یەکەم، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئێستا کە هەموو جیهان سەرقاڵی کێشەی ناوکی و دەستێوەردانەکانی ناوچەیەیی ڕێژیمی ئێرانە، ئەو یهکگرتنەوەیە پێگەی پرسی کورد وەک فاکتۆرێکی گرینگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دێنێتە ئاراوە و بەهێزی دەکا. لە دیپڵۆماسێدا دەبێ لە بیرمان بێ هەر جەریانێکی سیاسی بێتوو نەتوانێ خاوەن هێز بێ و کەریگەری لەسەر جەمسەربەندی بەرژەوندەییەکان هەبێ زۆر بە هێند وەرناگیرێ و ئاوڕی لێ نادەنەوە. حیزبی یەکگرتوو لە ئاستی کۆمەڵایەتی، لە ئاستی هێزەکانی نێۆخۆیی ئێران و لەئاستی کاریگەری لە هاوکێشەکان و ئەگەرەکان خاوان هێزێکی زیاترە. لە نیزامی نێودەوڵەتی و مەیدانی دیپڵۆماسیشدا زیاتر حیسابی بۆ دەکرێ. دووەم، لە ئاستی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەلایەک کێشەکانی ئاڵۆزن و لێکگرێدراون و لە لایەکیتر کارێکتێرەکانی زۆر و جۆراجۆرن. لەو چوارچێوە ئاڵۆزەدا زڵهێزەکان و هێزە ناوچەیەکان لە ڕوویی جەمسەربەندی و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی خۆیان ئەگەر هێزە کوردییەکان لاواز و لێکبڵاو بن بەهاسانی وەپشت گۆیێان دەخەن. بۆیە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی ستراتیژیی پرسی کورد بەهێزتر دەکات. سێهەم، لە ئاستی نێوخۆیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، یەکگرتنەوە ڕێزەکانی کۆمەڵگە پتەوتر دەکا، ورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بۆ داکۆکی و پشتیوانی لە پرسی کورد زیاتر دەکا و توانای ڕێژیم بۆ شکاندی ورەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵک و بردنەپێشی پرۆژەکانی نەرمی ڕێژیم دادەبەزێنێ. بۆیە یەکگرتنەوە حیزبی دێموکرات وزەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئیستا و داهاتوی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دەستەبەر دەکا. لەوانەش گرینگتر، بەهۆی ئەوە کە جەوهەری فکری و دوورەدیمەنی پرۆژەی سیاسی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو لەسەر بنج و بنەوانی پەرەی دێموکراسی و گەشەی دادپهروەری و دابەشکردنی هێزی سیاسی لە سەر بنەمای دابینکردنی مافی سیاسی پێناسە کراوە، بۆیە یەکگرتنی حیزبی دێموکرات دەرفەتێکی زێرینە بۆ هەموو ئەو هێزانەی بە شوێن ئێرانی دێموکراتیکدا دەگەڕێن.
ئەم یەکگرتنە "هیوایی سیاسیی" کۆمەڵگە بە داهاتوی شۆڕش پتەوتر دەکا و توانای هێزە دەستکردەکانی ڕێژیم وەک ئیسلامی سیاسی-ئیخوانی لەڕوویی کۆمەڵایەتی کز و لاواز دەکات.
دواسەرنج پرسی ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانە. ئەو ئەرکانە لە چەند ئاست و قۆناغدا خۆیان دەبیننەوە.یەکەم، لە ئاستی ڕێبەریی، ڕێبەریی حیزبی پێوستە لە هەموو بارێک یەکگرتن و پرەنسیپەکانی یەکگرتن لە هەناوی هەموو ئۆرگانەکانی حیزب جێگر بکات. ڕێبەری حیزب، پێویستە یهکگرتن وەک بە شێک لە پڕۆژەیی" شۆڕشی نۆی" بۆ کۆردستانی ڕۆژهەڵات تێۆریزە بکات. لە ئاستی دیپڵۆماسی کاری پێ بکات و متمانەی نێودەوڵەتی بۆ بزووتنەوەی دژی ئێرانی پێ زیاد بکا. لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی ئەو پرۆژە ستراتیژیکە وەک ژێرخانێک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم باس بکات. لەنێو هێزە کوردستانییەکاندا، دەبێ پرۆژەی یەکگرتنەوە بکاتە ژێرخانی بەرەیەکی پتەوەی کوردی کە لە هەموو بوارەکان وەڵامدەری پرسی کورد بێت.
ئەرکی کادرەکان و تێکۆشەرانی حیزبیش لە جاران زیاترە، کادیرانی حیزب کۆڵەکەکانی هێزی حێزب بە ئەژماردێن. پێویسته پرەنسیپەکانی یەکگرتنەوە لە هەموو ئۆرگان و جوومگەکانی حیزبدا پراکتیزە بکا. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە پێویستە ئادمیسێن و ڕۆژنامەوان و مێدیاکارەکان پێویستی یەکگرتنەوە لە ڕوانگەی جۆراجۆر بخەوە بەرباس و بیکەنە ڕۆژەڤی فکری لە پێناو گەشەی خەباتی سیاسی، کۆمەڵاتی و دیپڵۆماسی گەلی کور. بۆیە ئەرکەکانی پاش یەکگرتن گرینگتر و بەرفراوانترن .