کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی سایبێریی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتی ئاڵبانی

11:34 - 20 خەرمانان 2722

لە دڕێژەی هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتی ئاڵبانی، ڕۆژی شەممە ڕێژیمی ئێران بە هێرشیکی سایبێری، سیستەمی بەڕێوەبەری و زانیارییەکانی سنوورەکانی ئاڵبانی کردۆتە ئامانج.

ئامریکا و بریتانیا، سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرشی سایبێریی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتی ئاڵبانی و دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان لەو وڵاتە کە ئەندامی هێزی "ناتۆ"یە جەختیان لەسەر ئەوە کردووە لە تاران دەبێ باجی ئەو هێرشەی بدا.

وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی ئاڵبانی، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران دووبارە هیرشی سایبێری کردووەتە سە ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی ئاڵبانی و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو هێرشە سایبێرییە لەو شوێنەوە کە هێرشە سایبێرییەکەی پێشوو کرابوو ئەنجام دراوە و ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی ئاڵبانی کردووەتە ئامانج.

وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی ئاڵبانی هەروەها ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە سیستمی دیجیتاڵیی سنوورەکانی ئەو وڵاتە سەر لەنوێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەکوو پێشوو کراوەتە ئامانجی هێرشی سایبێری و یەکێک لەو هۆکارانەی کە پێوەندییەکانمان پیشووتر لەگەڵ تاران پچڕاندووە، هێرشە سایبێرییەکانی ئەو ڕێژیمە بووە بۆ سەر ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی وڵاتەکەمان.

لەلایەکی دیکەوە" ئێدی ڕاما" سەرۆکوەزیرانی ئاڵبانی، ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا بە ئاماژە بەو هیرشە سایبێرییەی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە: "ئەمجارە ڕێژیمی ئێران هێرشی سایبێری کردووەتە سەر سیستەمی گشتیی بەڕێوەبەریی زانیارییەکان لەسەر سنوورەکانمان".