کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ داوای لە سەرکۆماری ئامریکا کردووە ئیزنی سەفەر بە ئیبراهیم ڕەئیسی نەدات

11:36 - 20 خەرمانان 2722

وەزیری پێشووی دەروەی ئامریکا، لە داواکارییەکەدا ڕوو بە سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئیبراهیم ڕەئیسی جینایەتکارە و نابێ ئیزنی پێبدەن کە بێتە نێو خاکی ئامریکاوە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەروەی ئامریکا ، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان لە وتووێژێکی تێلێڤێزیۆنیدا سەبارەت بەڕێوەچوونی دانیشتنی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامریکا ڕوو بە جەو بایدن، سەرکۆماری ئامریکا وتی: "ئێبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێران یەکێک لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤه و جینایەتکارە ناوبراو و دەورونەخشی گرینگی هەبووه لە کوشتنی بە کۆمەڵی بەندکراوانی سیاسیی هاوینی ٦٧ لە بەندیخانەکانی ئێران، بۆیە نابێ دەوڵەتی جەو بایدن ئیزن بە جینایەتکارێکی بەو جۆرە بدات کە بێتە نێو خاکی ئامریکاوە.

هەروەها ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێرۆری کەسایەتییە ئامریکاییەکان لەنێو خاکی "ئامریکا"دا وتی: چۆن دەبێ ئیزن بە تێرۆریستێکی بەو جۆرە کە بەردەوام لە هەوڵی کوشتنی کەسایەتییە "ئامریکاییەکانـ"ـدایە بدرێ کە بێتە نێو خاکی ئامریکاوە.