کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سووتەمەنیی وزەخانەکانی لوبنان بەخۆڕایی دابین دەکات

12:14 - 20 خەرمانان 2722

"وەلید فەیاز" وەزیری وزە و ئاوی لوبنان ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران بڕیارە سووتەمەنیی وڵاتی لوبنان بە خۆڕایی دابین بکات و وەرگرتنی سووتەمەنیی خۆڕایی لە ڕێژیمی وەک دەستپێشخەری و زیرەکیی "حەسەن نەسروڵڵا" سەرۆکی حیزبوڵلای لوبنان وەسف کردووە.

"فەیاز" وتوویەتی، "لوبنان" لەو سووتەمەنییە بۆ وزەخانەکانی بەرق کەڵک وەردەگرێت و لەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران پێشوازیی دەکات.

"موجتەبا ئەمانی" باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە لوبنان ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران نەتەنیا سووتەمەنیی ئەو وڵاتە بەخۆڕایی دابین دەکات بەڵکوو لە هەر بوارێک کە پەیوەندیی بە بەشی وەزەوە هەبێت بە تایبەت لە بەشی دروستکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنان یارمەتیی ئەو وڵاتە دەکات.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە درێژەدا وتوویەتی، ئەو سووتەمەنییە خەڵاتێکە لەلایەن ئێمەوە بۆ خزمەتگوزاریی بە خەڵکی لوبنان.

ڕێژیمی ئێران ئەوە یەکەم جار نییە کە لەو هەوڵە ئەنجام دەدات بەڵکوو تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین باری سووتەمەنیی داوەتە حیزبوڵڵای لوبنان.