کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی یەکگرتووی کورد دەستدرێژی بۆ سەر "شلێر ڕەسووڵی" مەحکووم کرد

12:08 - 20 خەرمانان 2722

"بەرەی یەکگرتووی کورد" سەبارەت بە دەستدرێژی بۆ سەر "شلێر ڕەسووڵی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا باس لە بایەخ و بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری کراوە و هاتووە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت لە ساڵانی پێشووەوە حاڵەت و ڕووداو گەلێک دەبیندرێت و دەبیسترێت  کە ناخۆش، دڵتەزێن و زۆر جار قێزەون بوون.

لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە گرینگە کە تاوان لە کوێ، بە دەستی کێ و لەسەر کێ ئەنجام دەدرێت. بەپێی داتاکان ژنان بەتایبەت و کوڕانی تازەلاو لە چەندین ڕێگای جیاواز وەکوو سیستێمی نوێ و هەرێمی خوازەکی، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەبەر فێڵ و تەڵەکە دەکەون و  لەمەڕ دەسدرێژیی جنسی، ئەو دوو چینە زۆرترین ڕێژەیان هەیە و پشکی شێریان بەر کەوتووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەداخەوە ئەتوانین بڵێین کە ئەو ڕووداوەی بۆ خاتوو "شلێر ڕەسووڵی" پێش هاتووە نە یەکەم جار و نە دواجاریش دەبێت. گرینگە تاوانبار کێ بێت و پشت بە چ هێزێکی تاکەکەسی، بنەماڵەیی و ...هتد ببەستێت بەڵام پێویستە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و سیاسی وەک دیاردەیەکی چەند لایەنەی کۆمەڵایەتی پێناسە بۆ ئەو ڕووداوە بکەن و ڕێگە چارەی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی ئەم سەرەڕۆیی و کارە دوور لە ئەخلاقانە بدۆزرێتەوە.

"بەرەی یەکگرتووی کورد" هەروەها هەر چەشنە بێڕێزی و دەستدرێژی بۆ سەر تاکی کۆمەڵگا و بەتایبەت خوشکان و دایکانی بە شەرف، بە توندی مەحکووم دەکات و داوای لە لایەنە چالاکەکانی ناو کۆمەڵگا کردووە کە بە گرتنەبەری ڕێکاری ئەمڕۆیی و سەردەمیانە بەرەنگاری ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە ببنەوە.

هەروەها "بەرەی یەکگرتووی کورد"  داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵات و بەتایبەت لایەنی یاسایی و دادگا کردووە کە ئەم جۆرە کەیسانە بە جیدی وەربگرن و لایەنی تاوانبار بە شێوەیەکی عادڵانە بخرێتە بەر مەحکەمە و سزای گونجاو بدرێت تا برینی بنەماڵەی قوربانییانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ساڕێژ ببێت و کەسانی نەفس نزم و هەلپەرست چیتر نتوانن هەڵسوکەوتی بەم جۆرە بەرامبەر بە خوشکان و دایکان کە لە ڕاستیدا خوشک و دایکی خۆیشیانن ئەنجام بدەن.

لە کۆتاییدا "بەرەی یەکگرتووی کورد" سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خاتوو "شلێر ڕەسووڵی"، خەڵکی مەریوان و هەموو خەڵکی کورد کردووە و هاوخەمیی خۆی لەو بارەوە دەربڕیوە.