کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پرۆژەی ئاسفاڵتی ڕێگاوبان لە چەندین شاری کوردستان گەندەڵی کراوە

20:41 - 20 خەرمانان 2722

لە پرۆژەی ئاسفاڵت و خۆشکردنی ڕێگاوبانی شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، شنۆ و سەردەشت بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم و کۆمەڵێک مۆرەی ئەو ڕێژیمە گەندەڵی ماڵی کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ئەندازیار "فایەق " لە ئیدارەی خانوو و شارسازیی ڕێژیم لە مەهاباد و بە هاوکاریی مەلا" ئیبراهیم حوسێن پوور" نوێنەری خامنەیی لە شاری پیرانشار کارێکی وا کراوە کە پرۆژەی ئاسفاڵتی ڕێگاوبانەکانی کۆمەڵێک شاری دەورووبەر بە کەمترین تێچوو و خراپترین جۆری قیر تەواو بکرێت و باقی پارەکەی دیکەی بۆ خۆیان بخۆن.

بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسە بە هاوکاریی یەکتر وایان کردووە کە ناوەندی تاقیکاریی ئیدارەی خانوو و شارسازی و ڕێگاوبانی مەهاباد بە سەرپەرەستیی ئەندازیار "فایەق" بە وەرگرتنی بەرتیل، مۆر و نیشانی باش لە بەڕێوەچوونی پرۆژەکە بدرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند چەندین جار خەڵکی ناوچەکە ویستوویانە لەسەر ئەو گەندەڵییە لە لایەنی پەیوەندیدار سکاڵا تۆمار بکەن بەڵام لەبەر دەستڕۆیشتوویی مەلا ئیبراهیم و پشتگیریی ڕێژیم لە ناوبراو، هیچ وڵامێک بە خەڵک نەدراوەتەوە.

بەهۆی گەندەڵی لە پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، ڕێگاکان زوو خراپ دەبن و کەند و قووڵیان لێ پەیدا دەبێ و کێشەی هاتوچۆ بۆ خەڵک دروست دەبێت.