دارسمە
وشەی terror وەک هەموو چەمکێکی زیندوو و بەردەوامی ئەم سەرزەمینە ڕۆژبەڕۆژ گۆڕانکاریی بەسەر دادێت. چۆن زمان و سیاسەت و زانستی پزیشکی و هەسارەناسی و زەویناسی و مەویناسی و تەنانەت خڕەکەبەردی ئەم سەرزمینەش گۆڕانیان بەسەردا دێت، هەر ئاوا تێرۆریش بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران سوارچاکی بەدیهێنانی گۆڕانکاریی نوێگەرایی لە چەمکی تێرۆریزمە.
فارسان بە زمانی خۆیان وشەی terrorیان کردووەتە و بە تێرۆریزمیش دەڵێن، "وحشتافکنی". ئەم "وحشت افکنی"یەی فارسان لە زمانی کوردیدا بووەتە "تۆقاندن". ئەو کەسانەی بۆرە کوردی و فارسییەک دەزانن، تێدەگەن "وحشتافکنی" بە مانای بڵاوکردنەوەی "ترس"ـە و تۆقاندنیش بە مانای ترساندنه.
دیاره ترسیش وەک هەموو شتێک بە هەوەنتە بڵاو نابێتەوە و فرتوفێڵی خۆی پێویستە. بۆ ئەوەی بزانین بۆچی بڵاوکردنەوەی ترس ئاکامی دڵخوازی بڵاوکەرەوەی لێ دەکەوێتەوە، پێویستە وشەیەکی هاوخێزانی ترس لێکبدەینەوە، ئەویش وشەی "مەترسی"یە. ڕاستە "مەترسی" لەگەڵ ترس سەر بە خێزانەوشەیەکن، بەڵام مانای مەترسی جوادیە و لهگەڵ "خطر"ی فارسی و عەرەبی هاومانایە. دیارە مردن و لەنێوچوون یەکێک لە لێکەوتەکانی خەتەر یان مەترسییە.
ئەگەر زیاتر لە مانای جودای ترۆر لە دوو زمانی کوردی و فارسی ورد بینەوە، ئەوەی کوردان یان هەمان تۆقاندن زۆرتر ئەوکسانەی تۆقیون یان تۆقێنراون بەکاری دەهێنن. بەڵام "وحشت افکن" ترساندن و تۆقاندن بڵاو دەکاتەوە و خەڵک تووشی مەترسی و خەتەر دەکات. "وحشتافکن" خۆی بکەرە، بەڵام تۆقیو یان تۆقێنراو بەرکارە. بکەر کارێک دەکات و ئەم کارە شوێن لەسەر بەرکار دادەنێت. ئەوانەی تێرۆریستن کەیفیان بە "وحشتافکن"ی دێت و ئەوانەی دەتۆقێندرێن هیچ کەیفیان بە "وحشتافکن" نایەت و زیاتر ناوی "تۆقاندن" دەهێنن. هیچ پێویستیش ناکات "وحشەتافکنی" هەمیشە کوشتن لە خۆی بگرێت. لە فەرهەنگی برایانی فارسدا زیاتر خەباتگێرانی نەتەوەکانی دیکە یان دەرودراوسێکانیان لە پێڤاژۆی تێرۆردا دەکەونە بەر گوللـه و بۆمب و دەکورژێن. کەس یان کەسانی دەستکەرەوە و خەباتگێڕ بە ترساندنێکی بچووک و هاکەزاییی داناسەکنێن و بۆیە کوشتنیان لە پێڤاژۆی "وحشتافکنی"دا کاریگەرترە. هەر لەبەر ئەمە دەبێ بکوژرێن و لەنێو ببرێن. بەڵام ئەو کەس یان نەتەوانەی لەدژی برایانی فارس ناخەبتن و داوای هیچ مافێکیان لێ ناکەن، بەرپرسانی حکوومەتی فارسانیش بە پێویستی نازانن لەژێر هەیمەنەی "وحشتافکنی"دا بیانکوژن و بە ترساندنێکی سووکتر لە کۆڵیان دەبنەوە.
تێرۆریستانی فارس لایەنانی بەرانبەریان بە تێرۆریست ناو دەبەن. بۆ وێنە "تیرۆریستانی دژی شۆڕش" ناوێکە دەسەڵاتی ئێستای فارسان بۆ ئەو کەس و لایەن و حیزبە شۆڕشگێرانەی دەکار دەکەن کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن. لە فەرهەنگی زاڵی کەڵەگاییدا مافخوازی یانی تێرۆریست، بەڵام تێروریزمی دەسەڵات بە مانای "صدور انقلاب"ـه. لێرەدا جیاوازییەک دادەنرێت و ئەوانەی تێرۆرکردنیان ناگاتە ئاستی کوشتن بە تێرۆریست ناو نابرێن و هەندێک ناوی نەرمتری وەک "خەفیە"، "شوێنهەڵگر"، "پیاوی بێگانە"، "عوامل اجانب" و شتی لەم بابەتەیان بۆ دادەنێن.
ئامانجی ئەم دوو جۆرە تێرۆرەش لە یەکتر جودان. ئەوەی یەکەم بێدەنگکردن و لەنێوبردن و فەوتاندنی "بیرۆکە" یان "نەتەوە" یان "چین و تۆێژ"ێکی لە خۆی دەگرێت. بەڵام جۆرە خاوەکەی تێرۆر بۆ هەندێک شتی دیکە کەڵکی لێوەردەگێریت و یەکێکیان بەدەستهینانی پارە و زاڵبوون بەسەر بەرانبەردایە، نەک لەنێوبردن و فەوتاندنی یەکجاری. هێندێک جاریش بە مەبەستی وەرگرتنەوەی "وحشتافکنان"ی خۆماڵی لە وڵاتانی دەرەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت.
ئەگەر وابێت دەکرێت لەنێو ئەم هەموو گۆڕانکارییە بەمجۆرە تێرۆریزمەی دوایی بڵێن تێرۆریزمی نەرم یان تێرۆریزمی مەخمەلی.
تێرۆریزم بە مانا نەریتییەکەی لەمێژە لە ئێران باوە و پێش دەستەڵاتدارێتیی ئاخوندان، لەنێو کورداندا بۆ وێنە هەمزاغای مەنگوڕ و سمایلئاغای شکاک بە ئەم جۆرە تێرۆرە هێرشیان کرایە سەر، بەڵام تێرۆریزمی مەخمەلی داهێنانی لە سەردەمی دەستەڵاتدارێتیی ئاخوندان داهێنراوە.
ئاخوندان لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، زۆر بە وردی کاریان لەسەر تێرۆری جودابیران و دژبەرانی خۆیان کردوە و لە سەرەتای دەسەڵاتیان دەلینگیان لە تێرۆر و کوشتنی دژبەرانیان هەڵکرد. بە سەرۆکوزیران و ئەفسەرانی ڕێژێمی پێشوو دەستیان پێ کرد و بە کوشتنی ترسنۆکانەی ڕێبەرانی کورد و کەسانی سیاسیی دیکە درێژەیان پێدا و هەتا ئاخوندێک زمانی لەنێو دەمیدا بۆ هەڵسوڕێت و وشەی زیددی ئینقلابی بۆ گۆ بکرێت، لەسەری بەردەوام دەبن.
ئەم تێرۆرە مەخمەلییەش هەر زۆر زوو دەستی پێ کرد. چەند مانگێک دوای چوونە سەر دەسەڵاتی ئاخوندان هەموو کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران بەر ئەم شێوازه تێرۆرە کەوتن. دواتر بە گرتن و زیندانیکردنی هاووڵاتیانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی درێژەی پێ درا.
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تێرۆریست دەستوپێوەندەکانیان لە سوئێد و بلژیک و وڵاتانی دیکەی ئووروپا و ئەمریکا تووشی گرتن و کوشتن بوون و "صدور نقلاب" واتە هەناردەکردنی تێرۆریستان هەتا ڕادەیەک چەتی تێ کەوت. ئێستا لە نێوخۆدا داو بۆ هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە دەنێنەوە و وەک "تووریست" یان "گەشتیار" بۆ نێو ئێرانیان ڕادەکێشن و لەنێو وڵاتدا دەست بە ترساندن و تۆقاندنیان دەکەن. دەکرێ ناوی ئەم جۆرە تێرورە بنێن "تێرۆری گەشتیار تۆقێن".
تێرۆر دیاردەیەکە دەسەڵاتداران لە ئێران نزیکەی سەد ساڵه خوویان پێوە گرتووە و هەتا هەبن لەسەری بەردەوام دەبن:
خوویەکی بیگری بە شیری، واز ناهێنێ بە پیری"