سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی "هائاێتز"یان ڕاگەیاندووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە قۆناغی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانیدا، ستراتیژی دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی لە هێرش بۆ سەر ئێران گۆڕیوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چەقی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان لە ئامانجە سیاسی و هێماکارییەکانی پەیوەست بە "مانەوەی ڕێژیم"ـەوە، بەرەو ژێرخان و دامەزراوە سەربازییەکان گواستراوەتەوە.
بەپێی ئەم زانیارییانە، ئامانجە دەستنیشانکراوە نوێیەکان بریتین لە: کۆگاکانی مووشەکی بالستیکی و مووشەکی زەوی -بۆ-ئاسمانی ئێران، ناوەندەکانی توێژینەوە و گەشەپێدانی دڕۆنەکان، چەکە دوورهاوێژەکان و ژێرخانە سەرەکییەکانی تری توانای شەڕکەر.
ئەکتەرە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن تێکشکاندنی ئەم دامەزراوانە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی توانای سەربازیی درێژخایەنی ئێران و ڕێگری دەکات لەوەی دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان، تاران بتوانێت بە خێرایی ئەو توانایانە بنیات بنێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل پێیان وایە بەشێک لە پێکهاتە فەرمییەکانی دەسەڵات لە ئێران لەوانە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی وەک سپای پاسداران ڕۆڵی کاریگەرتریان هەبووە لە ئاڕاستەکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا؛ بۆیە لەنێوبردنی ناوەندە جێبەجێکارییەکانی ئەم دامەزراوانە بۆ تێلئاڤیڤ گرینگییەکی زۆرتری پەیدا کردووە.
ئەم وەرچەرخانە لە ستراتیژی سەربازیی ئیسرائیلدا نیشانەی هەوڵێکە بۆ چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر هەڕەشە ڕاستەقینەکانی مەیدان و کەمکردنەوەی توانای هێرشبەریی نەیارەکەی لە درێژخایەندا، بە شێوەیەک کە تەنانەت لە کاتی ئاگربەست یان ڕێککەوتنی سیاسیشدا، ئێران نەتوانێت بە خێرایی توانای سەربازیی خۆی نۆژەن بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، ڕاپۆرتی جۆراوجۆر سەبارەت بە گۆڕینی شوێن و چڕکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل بڵاو کراونەتەوە، لەوانە هەندێک لە مووشەکەکان توانیویانە سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە فرەچینەکان ببڕن و بەر ئامانجەکانی نێو خاکی ئیسرائیل بکەون.