بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە پێشنیارە ١٥ خاڵییەکەی ئەمریکایان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ڕەت کردووەتەوە و بە "توندڕەوانە" و "ناژیرانە" وەسفیان کردووە. تاران جەختی کردووەتەوە کە تەنیا لەو کاتەی خۆی بییەوێت و بەو مەرجەی داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن، کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا دەوڵەتییەکانی ڕێژیم و هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، وەڵامی سەرەتایی تاران بۆ ئەم گەڵاڵەیە کە لە ڕێگەی پاکستانەوە بە واشنگتۆن گەیەندراوە، نەرێنی بووە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی باڵای ڕێژیم لە لێدوانێکدا بۆ "الجزیرە"، ئەم گەڵاڵەیەی بە "تەواو زێدەخوازنە" ناوزەد کرد و ئیدعای کرد ئەوەی لە میدیاکاندا نیشان دراوە، ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی پێشنیارەکەی ئەمریکا نییە و ئەم گەڵاڵەیە تەنانەت لەسەر کاغەزیش جوان دەرناکەوێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم گەڵاڵە ١٥ خاڵییەی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێیە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار کردووە، کە ڕاستەوخۆ باس لەم بابەتانە دەکات:
هەڵوەشاندنەوەی تەواوی تواناکانی ئەتۆمیی ئێستا لە ئێران
بەڵێنی جیددی بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی هەموو هەوڵەکان بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی
ناچارکردنی ئێران بۆ بردنەدەرەوەی تەواوی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە وڵات
چارەسەرکردنی بەرنامە مووشەکییە بالستیکەکان و دابینکردنی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنگتۆن پێشنیاری ئاگربەستێکی یەک مانگەی کردووە بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ دانوستانەکان سەبارەت بەم ڕێککەوتنە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی میسر وێڕای بانگهێشتکردنی هەموو لایەنەکان بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماسی، ڕایگەیاند کە قاهیرە لەگەڵ پاکستان و تورکیە بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی ئێستا و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاو هاوکاری دەکات.