کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم دانوستان لەگەڵ ئەمریکای ڕەت کردەوە

16:48 - 5 خاکەلێوه 2726

لە کاتێکدا باس لە هەوڵی وڵاتانی ناوچەکە بۆ نێوبژیوانی لە نێوان تاران و واشنگتۆن دەکرێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و باڵیۆزی ئەو ڕێژیمە لە پاکستان، هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردەوە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بە دەنگۆکانی دانوستانی "محەممەد باقەر قالیباف" لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی، ڕایگەیاند کە عەباس عێراقچی بەرپرسی دیپڵۆماتیکە و دابەشکردنی کارەکان ڕوونە.

 ناوبراو وێڕای دەربڕینی بێ‌متمانەیی بە واشنگتۆن، ئیدعای ئەوەی کرد کە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی وڵاتانی کەنداوەوە ئەنجام دەدرێن، بۆیە هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە بە "کارێکی ڕەوا" نێو برد.

هاوکات ڕەزا ئەمیری‌موقەدەم، باڵیۆزی ڕێژیم لە ئیسلام‌ئاباد، ڕایگەیاند کە هیچ گفتوگۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئارادا نییە و ئەو هەواڵانەی تەنیا لە میدیاکاندا بینیوە.

 ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی کەنداو تاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە هێرشەکانیدا ژێرخانە مەدەنییەکان و خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج.

بەردەوامیی ئەم سیاسەتە توندڕەوانەی تاران و ڕەتکردنەوەی ڕێگەچارە دیپلۆماتیییەکان، نیشانەی سووربوونی ڕێژیم لەسەر تێکدانی زیاتری ئەمنییەتی ناوچەکە و نانەوەی ئاڵۆزیی سەربازییە.