شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆژەبڕیارێکی دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد کە تێیدا هێرشە "بەئەنقەست و بێبیانووەکانی" تاران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بە توندی مەحکووم کراوە و وەک "تاوانی جەنگ" ناوزەد کراوە.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خاکەلێوە لە ژنێڤ، وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاند کە بەهۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ژێرخانە وزەیی و مەدەنییەکانیان، ڕووبەڕووی "هەڕەشەی بوون" بوونەتەوە.
"فۆڵکەر تورک"، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، هۆشداریی دا کە ئەم هێرشانەی تاران بۆ سەر خەڵکی سڤیل، ئەگەر بە ئەنقەست بن، دەچنە خانەی "تاوانی جەنگ"ەوە.
باڵیۆزانی کوەیت و ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێرانیان بە تێکدانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی "سەرکێشیی بێباکانە" تۆمەتبار کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرشە تێکدەرانەکانی تاران بوونەتە هۆی کوژرانی خەڵکی بێتاوان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
هەرچەندە نوێنەری ڕێژیمی ئێران هەوڵی دا بە پاساوی جۆراوجۆر بەرگری لەو تاوانانە بکات، بەڵام ئەنجومەنی مافی مرۆڤ داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لە ئێران دەکات و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان دەکات.