بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''، ئەلێکسی لیخاچێڤ بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی دەوڵەتی "ڕووسئەتۆم" ڕایگەیاندووە کە دۆخی نیروگای ئەتۆمیی بوشێهر بەرەو "خراپترین سیناریۆ" دەچێت.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکێک لە نزیک نیروگاکە کەوتووە.
لیخاچێڤ ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕی سێیەمی چۆڵکردنی کارمەندە ڕووسەکانیان دەست پێ کردووە و هێزەکانیان لە ڕێگەی زەوینییەوە بەرەو سنووری ئەرمنستان بەڕێ کەوتوون.
بڕیارە ژمارەی پسپۆران و پێرسۆنێلەکانی لەم نیروگایەدا کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بۆ کەمترین ئاست داببەزێندرێت.
ئەمە دووەمجارە لە ماوەی حەفتەیەکدا نیروگای بوشێهر دەکرێتە ئامانج، هەرچەندە میدیاکانی ڕێژیم ئیدعای ئەوە دەکەن کە هیچ زیانێکی گیانی و تکنیکی لێ نەکەوتووەتەوە.