ئاسۆ مێنبەری
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و وەک هەمیشە ڕوودانی کارەساتێک کاردانەوەیەکی ئێجگار بەرچاوی لە کۆمەڵگەدا بەدوای خۆیدا هێنا کە وەک هەمیشە ڕەنگدانەوەی ئەم ڕووداوە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە و هەرکەس بەپێی تێگەیشتنی خۆی و بەپێی ڕوانینی خۆی هەوڵی دا ئەم ڕووداوە شەنوکەو بکات.
بە کورتی ڕووداوەکە ئەمە بوو: ژنێک لە مەریوان بەناوی "شلێر ڕەسووڵی" لەلایەن جیرانەکەیەوە و بە بیانووی ئەوەی کە هاوسەرەکەی نەخۆشە و پێویستی بە یارمەتییە، بانگهێشتی ئەو ماڵە دەکرێ، بەڵام لەناکاو بەبێ هیچ دەسەڵاتێک خۆی بە تەنیا لە بەرانبەر بوونەوەرێکی دەستدرێژیکەردا دەبینێ و تەنیا ڕێگایەک کە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بە مێشیکدا دێت، ئەوەیە کە لە پەنجەرەی ماڵەکەوە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، شلێر پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و ئەم ڕووداوە بووە سەردێڕی هەواڵەکان و سووژەیەک بۆ باس و خواس لە سۆشیاڵ میدیادا!
ئەوەی کە جێگای سەرنج و وردبوونەوەیە کاردانەوەکان و نووسینەکان بەنیسبەت ئەم پرسە بوو. یەکێک کردەوەکەی شلێری بە ئازایەتی ناو برد و نازناوی قارەمانی پێ بەخشی، یەکێکی دیکە بە دروشمی ئاوێتە لەگەڵ وشە پڕ لە ئازارەکانی نامووس و شەرەف و ئابڕوو، هاتە سەر شەقام و شلێری بە نموونەی ژنی پارێزەری شەرەف و کەرامەت ناو برد و کردیە هێمایەک بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری. بەڵام ڕاستیی ئەم ڕووداوە چی بوو؟ کێ تاوانباری سەرەکی بوو؟ و دەیان پرسیاری دیکە.
ئەوەی کە لەم ڕووداوەدا گرینگە ئەوەیە کە دەبێ بزانین بۆچی ئاکامی تاوانێکی لەم چەشنە کە لەلایەن پیاوێکەوە ڕووی داوە دەبێ ببێتە مەرگی ژنێک کە بە مەرگێکی سەربەرزانە ناوی لێ ببردرێ؟ بۆچی دەبێ کۆمەڵگە ئەوەندە تووشی ڕووخان و قەیرانی کۆمەڵایەتی بووبێت کە کردەوەیەکی لەم چەشنە ڕوو بدات و ئاخۆ ئەبێ کێ لە بەرانبەر رووداوی لەم چەشنەدا بەرپرسیار بێت؟!
نووسین و ئاخاوتنەکانی ئەم چەند ڕۆژەی سۆشیاڵ میدیا زۆر سەرنجڕاکێش بوون، خەڵکی مەریوان ڕژانە سەر شەقام تاکوو تەرمی شلێر بە خاک بسپێرن و ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیان کرد بە ڕووداوێکی لەبیرنەکراو.
مەرگی شلێر ناخهەژێن بوو، بەڵام با لەبیرمان نەچێ کە شلێر وەکوو سەدان ژنی دیکەی کورد قوربانی بوو، قوربانیی بیری تەسکی پیاوسالاری و داوەریکردنی تاک لایەنەی کۆمەڵگە بەنیسبەت پرسە هەستیارەکان.
بەڵام پرسیار ئەمەیە:
ئەگەر شلێر ئەو بوێرییەی نەبوایە کە خۆی فڕی بداتە خوارەوە کە بەداخەوە گیانی لەپێناویدا دانا، ئەو بەناو بوونەوەرەش دەستدرێژی بکردایەتە سەری، ئایا هەر ئەو کەسانەی کە ئێستا بە شەهید ناوی دەبەن و وەک قارەمانێک ناوی لێ دەبەن کە بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتی گیانی لەدەست دا، دیسان هەروا ناویان لێ دەبرد؟ یا ئەوانیش دەچوونە ڕیزی کاروانی ئەوانەوە کە لۆمەیان دەکرد و دەیان تۆمەتی ناڕەواشیان ئەخستە پاڵی؟
لە ڕوودانی پرسی لەم چەشنەدا زۆرجار تاکەکان تاک لایەنانە باسی هۆکار و دەرەنجامەکان ئەکەن و تەنیا لایەنێک بە تاوانبار دەزانن، بەڵام بۆ پێشگرتن لە روودانی ڕووداوی لەم چەشنە پێویستە کە لایەنە جیاوازەکان لێک بدرێنەوە تاکوو بە خەسارناسییەکی ڕێکوپێک پێش بە دووپاتبوونەوەیان بگیردرێت.
لەم ڕووداوەی دواییدا، کە بەداخەوە شلێر بوو بە قوربانی، چەندین لایەنی جیاواز هەیە کە دەبێ سەرنجیان بدرێت.
لە سەرەتادا لایەنی یاساییە، کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، دارێژەرانی یاسا بەپێێ ئیدئۆلۆژیی دژەژنی خۆیان، هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی لە ژنان ناکەن و بگرە زۆرجاریش ڕێژە و جۆری سزاکان تەنانەت لە تاوانی هاوچەشنیشدا، بۆ ژنان قورستر و گرانترە. کەوایە ئەگەر وای دابنێین کە لەم ڕووداوەدا شلێر بەرگری لە خۆی بکردایە و لایەنی دەستدرێژیکەری بکوشتبایە، دیسان ئەوە یاسا پاڵپشتیی لە شلێر نەدەکرد و بێگومان سزای لەسێدارەدان و پێدانی پارە بە بنەماڵەی دەستدرێژیکەریش ئەبوو بە لایەنێکی دیکەی باسەکە.
بەم پێیە ڕاستە کە لایەنی یاسایی زۆر گرینگە و دەبێ پشتیوانی تاکەکان بێت بەڵام خودی لایەنەکانی دیکەی وەکوو فەرهەنگی زاڵ بە سەر کۆمەڵگە کە ئەمەش بەشێکی بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵات ئەگەرێتەوە و هەروەها ڕوانینی تاکەکانی کۆمەڵگە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی ڕووداوی لەم چەشنەن.
دەبێ پرسیار لە خۆمان بکەین، ئەگەر شلێر بوێری خۆکوشتنی نەبوایە و ببوایەتە قوربانیی دەستدرێژی، ئایا ئێمە وەکوو تاکەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش خودی ژنان، بە چاوی قوربانی چاومان لێ دەکرد؟ ئایا لە بواری دەروونییەوە پاڵپشتیمان لێ دەکرد و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانمان پڕ دەکرد لە هەشتەگی پاڵپشتی لە شلێر؟
بێگومان بەپێی ئەو ناسینەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمە و شێوازی ڕوانینمان هەیە، ئەوکات شلێر لای ئێمە نەک قوربانی، بەڵکوو تاوانباری سەرەکی بوو!
تاوانبارێک کە بە شێوازی جیاواز داوەریمان لە سەر ئاکارەکەی دەکرد و لای خۆشمان دادگاییمان دەکرد و توندترین سزاشمان بۆی بە ڕەوا دەزانی.
پێویستە بزانین کە شلێر و شلێرەکان قارەمان نین، ئەوان قوربانیی بیری پیاوسالاری، قوربانیی دەسەڵات و قوربانیی دابونەریتی چەقبەستووی کۆمەڵگەن، پێویستە بە ڕوانینێکی وردبینانە و ژیرانە بابەتە لێک بدەینەوە و کۆمەڵگەش تێبگەینین کە گۆڕانی بنەڕەتی پێویستە بۆ پێشگرتن لەم ڕووداوانە، مامۆستایەک کە ئەمڕۆ هاتووەتە سەرشەقام و چەپڵە بۆ شلێرەکان لێ دەدات، دەبێ بزانێ کە ئەرکی پەروەردەی نەوەی داهاتوو زیاتر لە جاران لە سەر شانی قورسایی دەکات ، هەر بۆیە پێویستە لە جیاتی درووستکردنی قارەمان لەم ڕووداوانە، هەوڵی بنەڕيتی بۆ گۆڕینی بیر و هزری کۆمەڵگە بدرێت تاکوو دواهەنگاوی کۆمەڵگە گەیشتن بە بەختەوەری بێت.