کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی پێشووی ئامریکا: بووژانەوەی بەرجام پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی ناگرێ

10:26 - 21 خەرمانان 2722

"دێنیس ڕاس"، ڕاوێژکاری تایبەتی پێشووی باراک ئۆباما دەڵێت: "بە بێ هەڕەشەی سەربازی، ڕێژیمی ئێران زوو یان درەنگ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕادەگات".

"ڕاس"، ڕاوێژکاری تایبەتی پێشووی باراک ئۆباما، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان لە بابەتێکدا بۆ" دامەزراوەی واشنتۆن" نووسیویەتی: "دەبێ دەوڵەتی ئێستای ئامریکا هەڕەشەیەکی توندی سەربازی لە ڕێژیمی ئێران بکا و ئەگەر ئەو کارە نەکا ئەو ڕێژیمە درەنگ یان زوو دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەگات دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری هەموو جیهان".

ناوبراو هەروەها لە بابەتەکەیدا نووسیویەتی: "بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی کۆتایی بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ناهینێت و کارێک کە ڕێککەوتنی بەرجام دەیکات تەنیا ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٣٠ی زایینیی کات بۆ ڕۆژاواییەکان دەکڕێ".

"دێنیس ڕاس" هەروەها وتیشی: "تا ئەو کاتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دڵنیان لەوەیکە ئامریکا هیچ هەوڵێکی سەربازی دژی بەرنامەی ناوکی ئێران نادات، ڕیژیمی ئێران ڕۆژبەڕۆژ زێدەخوازتر دەبێ و زیاتر هەوڵ دەدات کە باج لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکا وەربگرێ".