کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بە ئەگەری زۆر لەگەڵ گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان دەرگیر دەبین

11:29 - 21 خەرمانان 2722

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە خۆمان بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل ئامادە دەکەین.

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە بەڵگەی سەربازیی نووسیویەتی: "ئەرتەشی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سەرەڕای وتووێژە ناڕاستەوخۆکان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا و هاوکات لەگەڵ زۆربوونی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لەسەر سنوورە ئاوییەکان، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەنێوان ئیسرائیل وحیزبوڵای لوبنان‌دا زۆرە".

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە: "بەپێی ئەو بەڵگەگەلەی کە فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل ئامادەی کردووە، حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، بۆ ڕاکێشانی بیروڕای گشتیی لوبنان بۆ لای خۆی و ڕزگاربوونی لە کێشە نێوخۆییەکانی لوبنان، شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ڕادەگەیێنێ".

لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە، بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیمی ئێران، حەسەن نەسروڵڵا بە کردەوە کەوتە پەراوێزەوە و زەربەیەکی قورس درا لە هاوپەیمانیی نێوان ئێران، سووریە و حیزبوڵڵا.