کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گەندەڵی لە پێترۆشیمیی مێهر مەترسی قەیرانی وزە هەیە

12:01 - 21 خەرمانان 2722

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی پیشەی نەوت و پێترۆشیمیی پەیوەندیدار بە کۆمپانیای پێترۆشیمیی مێهر، بە بڕی ١٧٠میلیۆن دۆلار گەندەڵییان تێدا کردووە و بەو هۆیەوە مەترسی ئەوە هەیە لە وەزری سەرمادا خەڵکی ئێران تووشی دەبن.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان ، ماڵپەڕی "ئابووری ئانلاین" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بابەتی پیشەی نەوتی پێترۆشیمی لە کۆمپانیای پێترۆشیمیی مێهر لە ناوچەی "عەسەلوویە" سەر بە پارێزگای بووشێهر، بە بڕی ١٧٠ میلیۆن دۆلار بەراورد بە ٥ میلیارد تمەن گەندەڵییان کردووە و کە لێشیان ئاشکرا بووە حازر نین بیگەڕێننەوە جێگای خۆی.

 ئەو گەندەڵییە زۆرەی بەرپرسانی تاران وا دەکا لە وەرزی سەرمادا لە ئێران قەیرانی وزە و سووتەمەنی زۆر دروست دەبێ و خەڵکی ئێران تووشی کێشەی گەورە دەبن و بەڕێوەبەری گشتیی پێترۆشیمی لەسەر کار دەرکراوە کە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی بووە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، گەندەڵی و سەرپێچی لە پێترۆشیمیی مێهر، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و وزە ئەوەش وا دەکا لە وەرزی سەرما‌دا خەڵک تووشی کێشەی گەورە بن.

 دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران ئاگادارە کە کێ ئەو گەندەڵییە گەورەی کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێک لە دژی نەگیراوەتە بەر تەنیا دەبێ باجەکەی خەڵکی ئێران بیدەن، گەندەڵکارانی ئێران هەموویان سەر بە خودی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆیە هیچ هەنگاوێکیان لە دژی ناگیردرێتە بەر.