کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی پارلمانتارانی هەرێمی کوردستان لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات

12:14 - 21 خەرمانان 2722

یەکیەتیی پارلمانتارانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد.

یەکیەتیی پارلمانتارانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە ڕوو بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاوی کردووتەوە، پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی لە هەموو بنەماڵەی گەورەی پێشەوا قازی محەممەد، واتە ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کردووە و ئەم بڕیارەی بە هەنگاوێکی بە نرخ لەپێناو برەودان بە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.

لەو پەیامەدا هاتووە کە بڵاوبوونەوەی موژدە و هەواڵی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات کە لە بنەماشدا هەر یەک بوون و بەداخەوە ماوەیەک دابڕابوون، هەر هەموومانی یەکجار دڵخۆش و شادمان کرد. بۆیە لەگەڵ پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە دڵنیاین کە ئەو هەنگاوە بەنرخە وەرچەرخانێکی مێژوویی بەهێز دەبێت لە ڕەوتی خەباتی سیاسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوڕوتینی زیاتر دەداتە بەر ئەم خەباتە بەردەوام و نەپساوەی حیزبی دێموکرات لەپێناو وەدەستهێنان و چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتووە کە نەتەوەکەمان لەسەر خاکی خۆی ناحەز و دوژمنی زۆری بۆ پەیدا بووە و نەیارانی کورد سەرەڕای دژایەتیی توندی بزووتنەوەی کورد بەردەوام سوودیان لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی کورد لەگەڵ یەکتر بینیوە، بۆیە دڵنیاین کە ئەم یەکبوون و یەک‌سەنگەری و یەک‌هەڵوێستییە بوارێکی فراوانتر بۆ بەرگری لە خۆمان و بردنەپێشی خەباتە ڕەواکەمان دەڕەخسێنێ.