کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندەرانی ناڕازی لەبەغدا داوای بنبڕکردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق دەکەن

11:29 - 12 خەرمانان 2722

خەڵکی خۆپێشاندەر و ناڕازیی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئێستا دەکەن و پێیان وایە کە ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە دەستێوەردانی سیاسیی لە عێراق دەکات.

خۆپێشاندەرانی عێراقی ڕۆژی هەینی ١١ی خەرمانان بە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە بەغدا، سەرەڕای ئەوەیکە داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئێستای عێراقیان کرد دەڵێن، دەبێ ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری نێوخۆیی عێراق کۆتایی پێ بهێنن.

خۆپێشاندەران بە وتنەوەی دروشمگەلێک دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانیەوە بەردەوامە لە دەستێوەردان و تا ئەو کاتەی کە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عیراق کۆتایی پێنەیەت ئێمە بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدا خەڵکی وڵاتەکەی بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لەژێر هێڵی هەژاریدایە، هەموو سەروەت و سامانی وڵاتەکەی خەرجی میلیشیاکانی لەناوچەکە دەکات و بەو جۆرە پەرە بە کارە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە دەدا و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان دەکات.