کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسداری تێرۆریست سەید "سادق حوسێنی" جینایەتی مۆرەکانی خۆی سەرپۆش دەکات

13:07 - 21 خەرمانان 2722

بەدوای گیانلەدەستدانی "شلێر ڕەسووڵی" لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا سەید "سادق حوسێنی" فەرماندەی سپای "بەیتولموقەدەسـ"ـی ڕێژیم لە پاڕێزگای سنە لە پرسەی "شلێر"دا بەشداری کردووە و بۆ چەواشەکاری هاوخەمیی خۆی سەبارەت بەو ڕووداوە دەربڕیوە.

ئەو پاسدارەی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە تاوانباری ئەو جینایەتە بێ تاوان نیشان بدات.

ئەو فەرماندەیەی ڕێژیم لە "شلێر ڕەسووڵی" وەکو شانازی بۆ ژنانی ئێران باسی کردووە.

ئەو قسانەی ئەو فەرماندەیەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە ئەوەی ئەو کارەساتەی بەسەر "شلێر ڕەسووڵیـ"ــدا هێنا، خۆی مۆرەیەکی سەر بە سپای پاسداران بووە.

ئەو مۆرەیەی سپای پاسداران ناوی "گۆران قاسم‌پوور" بووە و لە کاتی دەستدرێژیدا چەکی پێ بووە.

"شلێر ڕەسووڵی" تەمەن ٣٦ساڵە خەڵکی شاری مەریوان بوو کە حەوتووی ڕابردوو بەهۆی ئەوەی کە کەسێکی سەر بە ڕێژیم ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەری، لە پەنجەرەی تەبەقەی دووهەمی ماڵدا خۆی خستبووە خوار و گیانی لەدەست دا.