کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی فیداییەکانی گەلی ئێران لە نامەیەکدا ڕوو بە ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان کرد.
لەو پەیامەدا هاتوە کە ئێمە وەک هاوڕێ و هاوپەیمانێکی دێرین بەو بڕیارەی ئێوە دڵخۆشین و پێمان وایە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان شوێندانەریی زۆری باش لە ڕەوتی خەباتی میللی-دێموکراتیکی کورد و جووڵانەوە ئازادیخوازی و دادپەروەریی سەرانسەری ئێران دەبێت.
لە بەشێکی ئەو پەیامەدا هاتووە هەموو ئێمەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە کێشە و ناکۆکییەکانی نێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم یەکگری و دروستبوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامییە دەزانین. بۆیە لامان وایە لە بەردەوامیی هاوکاری و خەباتی یەکگرتووماندا پێویستە بە هاوفکریی هەمەلایەنە و بە هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی هەلومەرج و دۆخی نوێی کۆمەڵگە ڕێکار و شێوازی گونجاو بۆ خەباتی گشتگیر لە دژی کۆماری ئیسلامی بگرینە بەر.
ڕێکخراوی فیداییەکانی گەلی ئێران لە نامەیەکەیاندا پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە باوەڕی تەواویان بە مافی ڕەوا و بەرحەقی هەموو نەتەوەکانی ئێران هەیە و لایان وایە وەدیهاتن و دەستەبەری ئەو مافانە لە گرەوی خەباتی یەکگرتووانە و هاوپێوەندیی گشتیگیر لە دژی کۆماری ئیسلامیدایە.