کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ حیزبی دێموکرات ئامانجی سەرەکیی پیلانەکانی ڕێژیمی تارانە؟!

17:21 - 21 خەرمانان 2722

سمایل شەرەفی

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بۆ جارێکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرایە ئامانج و لە لایەن باڵاترین ناوەندی بڕیاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە فەرمانی پەلاماردانی بەڕێوەچوو. ئەم فەرمانە کە بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی ئەم حیزبە بە جێ گەیەندرا و لە ئاکامدا ١٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و دەیان برینداری دیکەی لە تێکۆشەرانی دێموکرات لێ کەوتەوە، درێژکراوەی فەرمانێکی دێرینەی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێران دژ بە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوە ڕەواکەی بوو. فەرمانێک کە وەک سەلمێندراوە ئامانجە سەرەکییەکەی، حیزبی دێموکرات بووە و هەیە.

ئەوەی لێرەدا دەپەرژێینە سەری و باسی لێ دەکەین، وڵامدانەوەیەکی کورتە بەو پرسیارەی کە بۆچی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە درێژایی تەمەنی خۆی ئامانجی پیلانەکانی ڕێژیمی ناوەندگەرای تاران بووە و هەیە؟!

بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە جیا لە ڕەهەندە مێژووییەکەی کە دەکرێ تیایدا ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبی دێموکرات لە قۆستنەوەی دەرفەتەکان و بنیاتنانی تێڕوانێنکی مودێرنی سیاسی لە بزووتنەوەی کورد و ئەو دەسکەوت و هێمایانە بکرێ کە ئەم حیزبە داهێنەریانە، گرینگترین خاڵ ئاماژەدان بە پێگە جەماوەرییەکەیەتی لە نێو خاک و خەڵکی کوردستان‌دا. ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردوە بەو ڕەوتە زیندووە سیاسییەی کە دەسەڵاتدارانی دژ بە کوردی تاران لێی بسەڵنەوە و وەک مەترسییەک بۆ سەر ئەقڵییەتی ناوەندگەرایانەی خۆیانی سەیر بکەن و، لەم سۆنگەوە هەوڵی لەنێوبردنی بدەن و کراوەتە ئامانج، جێگە و پێگە و مەقبووڵییەتی ئەم حیزبەیە لە نێو دڵی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان‌دا. ئەم پێگەیە ئەگەر بەشێکی پێوەندی بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی سیاسی و خەباتکارانە و گیانفیدایی ڕۆڵەکانی و هەموو ئەو دەسکەوتانەوە هەیە کە لە ڕێگای دامەزرانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستانەوە بۆ کورد و بزووتنەوەکەی دەستەبەر کرد، بەڵام بەشە هەرە ئەساسی و بنەڕەتیەکەی، ئەو ئەقڵییەت و تێڕوانینە سیاسییە درووست و واقعبینانەیە کە ناهێڵێ پێگەی جەماوەریی ئەم حیزبە لە زەمەنێکی مێژوویی دیاریکراودا قەتیس و بەجێ بمێنێ.

بەڕۆژبوونەوەی تێڕوانین و هەڵوێستەکان، کەڵک وەرگرتن لە شێوە و مێتۆدی خەباتی گونجاو لە هەل و مەرجەکان، هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتنی درووست و بەجێ لە دەرفەتەکان، پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵک و لە هەموو گرینگتر پێکهێنانی پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان حیزب و خەڵک‌دا، ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ حزوور و خاوەندرارێتی لە مان و مەوجوودیەتی خەڵک، کۆی ئەو هۆکارانەن کە پێگەی حیزبی دێموکراتی لە نێو کۆمەڵگەدا بە جەماوەرییەکی سەقامگیر و چەسپاو هێشتۆتەوە.

ئەگەر تەنیا باس لەم زیاتر لە چوار دەیەی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین، دەردەکەوێ کە ئەم ڕێژیمە لە پێناو بە ئامانج گرتنی ئەم حیزبە چ وزە و هەزینەگەلێکی خستۆتەکار؛ هەر لە وڵامدانەوەی پەیامە ئاشتیخوازانەکانی حیزب بە هێرشکردنە سەر کوردستان، کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵک، هێرش و پیلانگێڕی دژ بە میتینگ و کۆبوونەوە مەدەنییەکانی حیزب، تێرۆری ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکان، دەرمانداوکردن و پیلانگێڕیییەکانی دیکەوە بگرە تا کەڵک وەرگرتن لە مودێرنترین مووشەکەکانی سەردەم و بە ئامانجگرتنی کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب.

ئەوان کاتێک میتینگی حیزبی دێموکراتیان لە شاری نەغەدە شێواند، دەرکیان بە نفوز و پێگەی ئەم حیزبە کردبوو کە دەتوانێ چۆن ئیدیعا درۆیینەکانیان بکاتە بڵقی سەر ئاو. ئەوان لە گیرایی و خۆشەویستیی سکرتێری ئەم حیزبە، د. قاسملوو و تێڕوانینە جەماوەرپەسەندەکانی دەترسان بۆیە کۆبوونەوەکەیان لێ شێواند و بانگەوازی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکراتیان بە گوللە و خوێن وڵام دایەوە. ئەوان تێگەیشتبوون کە حیزبی دێموکرات نە تەنیا ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بیروبۆچوونەکانی بە ناخی کۆمەڵگەی کوردستان‌دا دەچێتە خوار و ڕیشە دادەکوتێ، بەڵکوو باقیی گەلانی دیکە و هێزەکانی دژبەری دەسەڵاتەکەیان وەک سەنگەری ئازادی سەیری کوردستان دەکەن، بۆیە فەرمانی جیهادیان دژ بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی دەرکرد. ئەوان زۆر باش لە ڕەنگدانەوەی جەماوەریی شێواز و ئەقڵییەتی خەباتکارانەی ڕێبەری بلیمەتی حیزبی دێموکرات، شەهید دوکتور قاسملوو گەیشتبوون، بۆیە هەموو هەوڵێکیان خستە کار بۆ ئەوەی حەزفی بکەن. ئەوان لە وزە و پتانسێلی لەبڕاننەهاتووی ئەم حیزبە گەیشتبوون بۆیە لە ڕێگای تێرۆری دوکتور شەرەفکەندییەوە ویستیان ئەم هیز و وزەیە خاشەبڕ بکەن. دەسەڵاتدارانی تاران لە پێگە و خۆشەویستیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەو پێوەندییە قایمە جۆشدراوەی لە گەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەیشتبوون، بۆیە هەموو هەزینەیەکیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەگەر لە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانێ‌دا پێی ناوێرن، لە ڕێگای تێرۆرەوە دەستی لێ بوەشێنن.

مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی‌دا، دەرخەری ئەوپەڕی ترس و نیگەرانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرەسەندنی نفوز و پێگەی ئەم حیزبە لە نێو خەڵکی کوردستان بوو. ئەوان وێڕای بەئامانجگرتنی کۆبوونەوەی ڕەهبەریی حیزب -وەک خۆیان دانیان پێدا نا - لەو خەیاڵەدابوون کە لە ڕێگای لەنێوبردنی بەشێک لە ڕەهبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی کوردستان تووشی بێ‌‌هیوایی بکەن. بەڵام تەنیا چوار ڕۆژ دوای ئەم هێرشە تێرۆریستییە بۆ سەر حیزب، خەڵکی کوردستان سەلماندیان کە دەسەڵاتدارانی تاران هێشتا بە تەواوەتی لە وەزن و قورسایی ئەم حیزبە و پێگە جەماوەرییەکەی حاڵی نەبوون. خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان‌دا لە ڕێگای مانگرتنێکی گشتییەوە بۆ جارێکی دیکە و ئەمجارەیان جەماوەریتر لە هەمیشە پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی و فەرماندەران و بەڕێوەبەرانی هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حیزب ڕیسوا و مەحکووم کرد.