ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی کاک "عەبدوڵڵا نوسرەتی" باوکی شەهید "لوقمان شێخانی" لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک "عەبدوڵڵا" ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی لە باشووری کوردستان و لە شاری کۆیە لەدایک بووە.
دواتر بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە شاری شنۆ و لە گوندی "شێخان" نیشتەجێ دەبن.
ناوبراو لە ژیانی خۆیدا کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و منداڵەکانیشی لەسەر ڕێچکەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بار هێناوە.
کوڕێکی ناوبراو بە ناوی "لوقمان نوسرەتی" ناسراو بە "لوقمان شێخانی" لە ڕێگای کوردایەتی و لە ڕیزی ئاڵاهەڵگرانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بووە.
شەهید "لوقمان شێخانی" ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لە گوندی "شێخانـ"ـی شاری شنۆ لەدایک بووە.
ناوبراو ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی هاتووەتە ڕیزی حیزبی دێموکرات و لە هێزی "کێلەشیـ"ـندا سازمان دراوە.
بەداخەوە شەهید "لوقمان شێخانی" مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٥ی هەتاوی لە شەڕێکی دەستەویەخە لە گوندی "قەرەسەقەل" لە ناوچەی شنۆ شەهید کرا و چووە ڕیزی شەهیدانی هەرگیز نەمری کوردستانەوە.
تەرمی کاک "عەبدوڵڵا" لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پاکی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری نابراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.