کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەبەحی تێرۆر و کۆمەڵکوژی دژی نەتەوەی کورد

13:28 - 22 خەرمانان 2722

بە بۆنەی سیهەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری میکۆنووس

مەجید حەقی

سەدەی بیستەم تەنیا وەک سەدەی دەسکەوتە زانستی و تەکنۆلۆژییەکان، کۆتایی شەڕی سارد و ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە بیر نامێنێتەوە؛ لەو سەدەیەدا کوشتاری بەکۆمەڵی گەلان، ژینۆسایدی نەتەوەی کورد و تێرۆری ڕێبەرانی ئەو نەتەوەیە لە یاد ناچێت. لە ماوەی ساڵی ١٩٧٩ بۆ ٢٠٠٠، سەدان جینایەت لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دژی نەتەوەی کورد ئەنجام دراون. ژینۆسایدی ڕێژیمی ئێران دژی نەتەوەی کورد دەتوانێت لە ڕووی چۆنیەتی و شوێندانەریی قووڵی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، بە کۆمەڵکوژیی هۆلۆکۆستی نازییەکان، کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی، ڕواندا و تیمووری ڕۆژهەڵات و یۆگۆسلاڤی بەراورد بکرێت. ڕەنگە وەک ئەو کۆمەڵکوژییانەی باسیان کرا هەموویان لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام نەدرابن، بەڵام شێواز و ئاکاری ئەو جەهادەی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٩٧٩دا دژی نەتەوەی کورد ڕاگەیاند هەموو نیشانەکانی کۆمەڵکوژی پڕ دەکەنەوە.

جاڕنامەی کۆمەڵکوژی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە بەو شێوەیە تاوانی کۆمەڵکوژی پێناسە دەکات: "کردەوگەلێک کە ببێتە هۆی لەناوچوونی تەواو یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، قەومی، ڕەگەزی و ئایینی" لە ڕێگەی کوشتنی ئەندامانی ئەو گرووپە، کە ببێتە هۆی زیانی جەستەیی و دەروونیی کۆمەڵگا، ڕێگە لە مناڵبوونیان بگرێت یاخود ببێتە هۆی جێبەجێکردنی بە زۆریی مناڵەکانیان بۆ گرووپێکی دیکە".  ڕێژیمی داگیرکەری ئێران زۆربەی هەرەزۆری ئەو تاوانانەی دژی نەتەوەی کورد جێبەجێ کردووە.

ئەم کۆمەڵکوژییە ئایدیۆلۆژییە بەشێکی جیانەبووە لە ستراتێژی و سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران بووە و تەشەنەی سەندووە لە ناسیۆنالیزمی فارسیشدا.

پەراوێزخستنی خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕێژێمی ئێرانەوە دەرئەنجامی هەوڵە مێژووییەکانی ناسیۆنالیزمی فارس بۆ گۆشەگیرکردن و تواندنەوەی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە. لە ماوەی مێژووی "ئێرانی مۆدێڕن"دا هەموو هەوڵی ناسیۆنالیزمی فارس ئەوە بووە نەتەوەکانی بندەست لەوانە خەڵکی کوردستان لەناو فەرهەنگ و ناسنامەی فارسی و شیعەی "اثنی عشری" بتوێنێتەوە. بەرهەڵستبوونەوە و بەرخودانی نەتەوەی کوردیش لە بەرامبەردا بووەتە هۆی ئەوەی ئەوان ژێنۆسایدی نەتەوەیی بە هەموو شێوەکانی مومکین جێبەجێ بکەن.

داگیرکەران بۆ جێبەجێکردنی پلانی خۆیان، پێنج ستراتێژیی سەرەکییان ڕەچاو کردووە: تێرۆر و لە ناوبردنی ڕێبەران، زەختی ئابووری لە سەر خەڵکی کوردستان، پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پاکتاوکردنی کولتووری، لەناوبردنی ژینگەی کوردستان.

تێرۆری سمکۆی شكاک، لەسێدارەدانی قازی محەممەد، تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی درێژەی هەمان ستراتێژییە کە لە سەردەمی دیکتاتۆریی پەهلەوییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە میرات ماوەتەوە. جیا لەو ڕێبەرانە بە دەیان چالاک و ڕێبەری دیکەی خەڵکی کورد لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتدا تیرۆر کراون کە دوایین نموونەی تیرۆری بەکۆمەڵی ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٢٠١٨ بوو.

ئێروین ستاب (Ervin Staub  ) لە پەرتووکی ڕیشەی شەیتان، کۆمەڵکوژی و توندوتیژییەکانی دیکەی بە کۆمەڵدا دەڵێت: "بۆ دروستکردنی کەشی لەبار بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژیی گرووپی و کۆمەڵکوژی چەندین هۆکاری جۆراوجۆر پێویستن. ئەنگیزە و هاندەری چالاک بۆ زیان گەیاندن بە کۆمەڵگایەک لە ڕێگەی بەردەوامی لاوازکردنی هێزی بەرهەڵەستیان لە ڕێگای کوشتن، زیان‌گەیاندنی بە کۆمەڵ، خوڵقاندنی کەشێک کە کۆمەڵگا لە کاتی بەرەوڕووبوون لەگەڵ سەختییەکاندا بەرهەڵستی "جیهانی ئەخلاقی" خۆی ببێتەوە (وەک دیاردەی جاشایەتی لە کوردستان)، بەرنامەڕێژی بکرێت و بەشێوەیەکی سازماندراو دژی ئەو کۆمەڵگایە توندوتیژی بەڕێوە بچێت و بەوە کۆمەڵکوژی و ژێنۆسایدی نەتەوەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

باربارا هارف (Barbara Harff) و تێد ڕۆبێرت کۆر لە (Ted Robert Gurr) لە کتێبی "پێشـمەرجەکانی ژینۆساید" و "سیاسەت کوژی" دا بەو ئاکامە گەیشتوون کە ژینۆساید و کۆمەڵکوژی زۆرتر دوای ئەوە ڕوو دەدات کە بەهۆی شکستی دەوڵەتی پێشوو یان شۆڕشەوە جاری وایە گۆڕانێکی لەناکاو ڕوو دەدات. بە بڕوای ئەوان ئەو بوویەرە کاتێک ڕوودەدات کە ڕێبەرانی تازە بەدەسەڵات‌گەیشتوو یان پاوانخوازن یان بەهۆی ئەوەی کە بەهۆی ئایدیۆلۆژییانەوە ناتوانن خەڵکانێکی زۆر بۆ ماوەی درێژخایەن بکەنە پێڕەوی خۆیان، یان بە هۆیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە یا خود هەلومەرجی تایبەتی نێونەتەوەییەوە و تا ڕادەیەکی زۆریش نەبوونی توانا لە چارەسەری پێوەندییە ئابوورییەکانەوە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لایەنگری خوێندنەوەیەکی بەرتەسکی ئایینی و لە ڕووی نەتەوەییەشەوە لەنێو ناسیۆنالیزمی فارسدا توابوونەوە و کورد و جووڵانەوەی کوردیان وەک هەڕەشەیەک بەسەر ڕێگەی جێبەجێبوونی پرۆژەی ئێرانی شیعە – فارسدا دەبینی بۆیە فەرمانی جەهادیان ڕاگەیاند و تیرۆری ڕێبەرانی کوردیش درێژەی ئەو ستراتێژییە بوو.

کوردەکان لە ئێران تووشی چارەنووسێکی وەک جووەکانی ئورووپای سەردەمی نازییەکان هاتوون، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە دوژمنی خوا ناو دەبردرێن. وەک کۆمۆنیستەکانی ئارژانتینی کە لەلایەن ئەرتەشی ئەو وڵاتەوە لە کۆمەڵگا بێ‌بایەخ‌ کرابوون و وەک ڕۆشنبیرانی کامبۆجی سەردەمی پۆلپۆتەکانن کە بە دوژمنایەتی لە گەڵ پرۆلتاریا تاوانبار دەکران. هەرچەند زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان موسوڵمانن و ڕێز لە بنەماکانی ئایینی ئیسلام دەگرن، بەڵام لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خەباتی خەڵکی کورد وەک دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلام پێناسە کراوە و ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە خەباتی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بە لێگەڕێک لە بەرانبەر ئایدئۆلۆژیی ناوەندگەرای شیعەی خۆیان دەزانن.

ئەمرۆ ئەو لاوەی کورد کە لە ساڵی ١٩٩٨دا لەدایک بووە بەبێ ئەوەی کە ڕۆژێک ئەزموونی شەڕی بەرگریی چەکداری بینیبێت، بەبێ ئەوەی کە ئاگای لە ئاکامی دادگای میکۆنووس بووبێت، تەنیا بە تاوانی کوردبوون و داوای مافە مرۆییەکانی خۆی تووشی زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام و شێوەکانی دیکەی توندوتیژی دەبێت و شەبەحی تێرۆر و کۆمەڵکوژی هەروا هەڕەشە لە ژیانیان دەکات و هەر کەسێک کە پۆتانسیەلی ڕێبەریی لە ناو کۆمەڵگادا هەبێت هەوڵ دەدرێت بەزوویی بەتەواوی لە پەراوێز بخرێت یان لەناو ببرێت. بۆ گەلی کورد سی ساڵ دوای تێرۆری میکۆنووس ژینۆسایدی ئایدیۆلۆژی هەروا درێژەی هەیە و ئەمرۆ زیاتر لە هەموو کات پێویستە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەوڵێکی جیددی بدات بۆ کۆتاییهێنان بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

Ervin Staub, The Roots of Evil: The Origins of Genocide and Other Group Violence 1989

Barbara Harff, Ted Robert Gurr, Preconditions of genocide and politicide, 1995

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.