کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی سەردەشت قەیرانی بۆ خەڵک خوڵقاندووە

10:53 - 23 خەرمانان 2722

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ لە شاری "سەردەشت" لە کاتژمێر ١٢ی بەیانییەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ئاو لە خەڵکی چەند گەڕەکی ئەو شارە دەگرێتەوە.

خەڵک باس لەوە دەکەن کە تەنانەت ئاویان بۆ خواردنەوە و شوشتن نییە و بەرپرسانی پەیوەندیداریش وڵامی سکاڵاکانیان نادەنەوە و نازانن چۆن ئەو دۆخە شپرزە کە ماوەی دوو ساڵە شەڕی ڕەوانیی بۆ خەڵک دروست کردووە چارەسەر بکەن.

 لە زۆربەی شوێنەکان خێرایی ئاوەکە زۆر کەمە و خەڵکی تووشی کێشە کردووە و باسی ئەوەش دەکەن کە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ئاوەکەیان لێ دەگرنەوە.

بەشێک لە هاوڵاتییان باس لەوە دەکەن، لە ساڵی ڕابردووەوە کە ئەو کێشەی بێئاوییە لە "سەردەشت" هەیە و قەیرانی لێ دروست بووە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ چارەسەریان نەکردووە.

ئیدارەی ئاو تەنیا ڕێکاری چارەسەریی ئەو کێشەیە لە دابەشکردنی ئاودا دەبینێت کە ئەو دابەشکردنە تەنیا بۆ سی کاتژمێر دەبێت نەک بۆ ١٢ کاتژمێر یان شەو و ڕۆژێک. 

ئەوە لە حاڵێکدایە بەرپرسانی پەیوەندییدار کێشەی بێئاویان بۆ تێکچوونی بەرق و کەمیی ئاو لە پاشەکەوتی ئاو گەڕاندووەتەوە.